ئامانجی لێدوانی کەسایەتیەکان پێش یارییەکان
7/1/2019 11:54:28 AM
1924 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد هێرۆیی
+
-
زۆر جار ئەو لێدوانانەی ئێمە گوێبیستیان دەبین لە کەسایەتیە وەرزشیەکان، پێش دەستپێکی یارییەکان بۆ ئەوەنین هەتا ئەوان ڕاستی بابەتەکان بە ئێمە بڵێن، بەڵکو ئەوان چەند ئامانجێکی دیاریکراوییان هەیە،کە لە ڕێگایانەوە دەیانەوەێت زۆرترین چاو و سەرنج بۆ لای یارییەکە ڕابکێشن، بۆ نمونە کاتێک یاریزانێکی وەک مێسی یان نێیماڕ یان هەر یاریزانێک یان ڕاهێنەرێکی تر بە تایبەتی ئەوانەی بەناوبانگ و دیارن، کاتێک لێدوانێک لەسەر یارییەک دەدەن یاخود بەشێوازی جیاواز باسی کەسایەتی و توانای یەکتر دەکەن، ئەوە وادەکات کە هاندەران و ڕاگەیاندنەکان زیاتر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەو یارییە بکەن چونکە ئەوان بە لێدوانەکانیان بایەخی زیاتر دەبەخشن بە یارییەکە و دەبنە هۆی وروژاندنی هەوادارانی تۆپی پێ، وە زۆر جار ئامانجیان لەم لێدوانانە دەستپێکردنی جەنگی دەرونیە،زۆر جار ڕاهێنەران و یاریزانان لە ڕێگای ستایش کردن یان شکاندن یان هەر ڕێگایەکی تر هتد...دەیانەوەێ کاریگەری بخەنە سەر ڕکابەرەکانیان،هەتاوەکو بتوانن مێشکی ڕکابەرەکانیان بە ئاڕاستەیەک دا بجوڵێنن کە خۆیان مەبەستیانە.
ئەوان لە ڕێگەی خوێندنەوە بۆ کەسایەتی یەکتر هەوڵدەدەن لێدوانەکانیان ئاڕاستە بکەن نەک ئەوەی ڕاستیەکە بڵێن، بۆ نمونە یاریزان هەیە زۆر پێی خۆشە کاتێک ستایش دەکرێت،بۆیە کاتێک ڕکابەرەکانی ستایشی دەکەن ئەو یاریزانە هەست بە تێربوونێک یان لەخۆبایی بونێک دەکات کە ئەو جۆش و خرۆشەی دادەمرکێتەوە کە پێشتر هەیەتی چونکە ئەو شتەی ئەو دەیویست پێشتر بەدەستی هینا،یان یاریزان هەیە کاتێک دەیشکێنیت یان دەیخەیتە ژێر فشارەوە ئیدی ئەو یاریزانە کۆنترۆڵی خۆی بۆ ناکرێت ناتوانێت بەشێوازێکی ئاسایی یاری بکات.لێدوانێک هەیە کە دەڵێت یاری تۆپی پێ لە کۆنگرەی ڕۆژنامە نووسی پێش یارییەکەوە دەست پیدەکات و لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دوایی یاری کۆتایی دێت، ئەم قسەیە تەواو ڕاستە بگرە زۆرجار چەند هەفتەیەک پێش یارییەکە یان چەند مانگیک پێش یارییەکە جەنگەکە دەست پێ دەکات،کە ئەوە بە گوێرەی گرنگی یارییەکە گۆڕانکاری بەسەر دادێت، بۆیە کاتێک گوێبیستی ووتەکانی یاریزانان و ڕاهێنەران دەبن پێش یارییەکان پێویستە سەرەتا بیر لە ئامانجی لێدوانەکە بکەیتەوە.