قسەیەک لەسەر ئەیاکس ئەمستەردام

5/9/2019 5:03:21 PM

1853 جار خوێندراوەتەوە

سامان عارف
+ -

ئەم وەرزە یانەیەکمان بینی جیاواز لەسەر جەم یانەکانی تر کەلەوەرزەکانی ڕابردوویی خولی یانەپاڵەوانەکان میوانێکی ئاسایی بوو، بەڵام ئەم وەرزە بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش دەرکەوت و بەرهەمی چەندین ساڵەی خۆی چنیەوە لە پێگەیاندنی یاریزان و ئەوەی ویستی لەم وەرزەدا دواجار یاریزانەکانی بۆی کردن و ناوی یانەکەیان جارێکی تر گەیاندەوە لوتکە.
ئەو یانەیە ئەیاکس ئەمستەردامە کە قوتابخانەیەکی گرنگی پێگەیاندنی تۆپی پێیە لەهۆڵندا و تەمەنی یاریزانە سەرەکیەکانی ئێستای پێکهاتەکەی لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵیدایە و توانیان ئاستێکی نمونەیی و بەرز پێشکەش بکەن، بەڵام قورسە یانەکە لەوەرزەکانی داهاتوو بەهەمان ئاستەوە ببینین لەبەر ئەوەی زۆربەی یانە گەورەکان چاویان لە یاریزانە لاوەکانی ئەم یانەیە کە بیان گوازنەوە ڕیزەکانیان هەربۆیە ئەم قوتابخانەیە جارێکی تر و بەبەردەوامی لەهەوڵی پێگەیاندنی یاریزانی نوێ دەبێت و چەند ساڵ جارێک بەم شێوەیە سود لە ئەستێرە گەورەکانی وەردەگرێت.
بەپێچەوانەوە ئەگەر بێت و هیچ یاریزانێکی ئەم پێکهاتەیە نەڕواتە یانە زلهێزەکان ئەوا یانەی ئەیاکس بۆ وەرزی داهاتوو دەبێتە یانەیەکی مەترسیدار بۆ سەرجەم یانەکانی تر بەڵام ئەمە قورسە لە بازاڕی گەرم و گوڕی کڕین و فرۆشتنی یاریزاناندا ئەمە ڕووبدات چونکە بەشێک لەیانەکان بەزەبری پارە و یاریزانەکانیش لە پێناو زیاتر دەرکەوتنیان و بەدەست هێنانی نازناودا یانەکەیان جێدەهێڵن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم قوتابخانەیە بەردەوامە لەسەر ئەم کارەی و بەبەردەوامی دوای چەندین ساڵ بەم شێوەیە بەرهەمی پێگەیاندنی یاریزانەکانی دەچنێتەوە.