پێشنیارێک بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان

5/9/2019 4:44:08 PM

1535 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

ساڵانە لیژنەی تیپەمیللیەکان خولەکانیان دەخەنە ئەستۆی خۆیان، بەڵام لەکاتێکدا یاریەکانی تریش هەر وەرزشن و تەنها خولی تۆپی پێیان وەک بڕبڕەی چالاکیەکانیان داناوەو بەداخەوە کردنەوەی خول بۆ یاریەکانی تر هیچ دەزگایەک  بەلایاندا ناچێ.
بۆیە داواکارم لەلیژنیەی ئۆڵۆمپی کوردستان  نوسینگەکانی خۆی لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان بەتەواوەتی چالاک بکاتەوە تاوەکو خۆی لایەن داری لەکردنەوەی خول بۆ یاریەکانی تر بکات جگە لەتۆپی پێ،تاوەکو لەشارو شارۆچکەکانی کوردستانیشدا چالاکیەکان گشت گیر بکرێن و یاریە جیاجیاکانیش پشکیان تێدا هەبێت. 

لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، هەستێت بەزیاتر چالاککردنەوەی  نوسینگەکانی خۆی و  بەشی هەموو یاریەکان بکاتەوە، لەڕێگەی چەند کادیرێکی ئەکادیمی بەشەکان سەرپەرشتی بکرێن و هەر کەسەو بۆ تایبەت مەندی خۆی دابنرێت، هەموو ساڵێکیش  خول بۆ یاریەجیاجیاکان بکرێتەوەو لەلایەن ئەو بەشانەوە بەڕێوە ببرێن و سەرپەرشتی بکرێن.
ئەمە لەپێناو ئەوەیە چیتر کردنەوەی خول بۆ یاریە جیاجیاکان پەراوێز نەخرێ و یاریەکانی تریش هاوشان لەگەڵ تۆپی پێ چالاکیان هەبێت و جموجۆڵە وەرزشیەکان فراوانتربکرێن.

بەداخەوە من پێموایە نەکردنەوەی خولی یاریە جیاجیاکان لە شارو شارۆچکەکان پەیوەندی بە نەشارەزایی تیپەکانەوە هەیە، کە هەموو تیپە میللیەکان ناتوانن لە لەیەک کاتدا هەم تیپ دروست کەن هەم لەیاساکان شارەزابن، بەڵام دەکرێت سود لەکەسانی ئەکادیمی وەربگیرێت هەم بۆ فێربوونی یاسای یاریەکان لەپێناو ناوبژیوانی کردنی یاریەکان، هەم بۆ ڕاهێنەرایەتی کردنی تیپەکانیش.

ئەوەی من دەیبینم لە هەندێک ناوچەی کوردستان، تەنها گرنگیی بەکردنەوەی خولی تۆپی پێ، سەرتاپا چالاکیەکانیان کردووە بە یەک یاری و بێ ئەوەی بیر لەو بەرپرسیاریەتە بکەنەوە کە هەیانە لەبوارەکەدا  پێویستە نوێنەری وەرزشکاران بن بەگشتی، چونکە بواری وەرزش پێکهاتەی تەنها یەک یاری نیە!
بەگشتی پێویستە  لەنێو بواری وەرزشدا کار کردن و خزمەت کردن بەیەکسانی و دادپەروەری بێت لەنێو کایەکەدا، هیچ یاریەک بۆیاریەکی تر پەراوێز نەخرێ و ئاوڕدانەوەش لە کردنەوەی خول بۆیاریەکانی تر جگە لەتۆپی پێ، پەرپرسیاریەت و خزمەت و گرنگی لیژنەکان گەورەتر دەکات وەک لەوەی تواناو وزەکان تەنهابۆ خولی تۆپی پێ بێ، و سەرقاڵ کردنی وەرزشکارانیش تەنها بە یەک یاریەوە، چێژو خۆشی  تەنها  بۆ ئارەزوومەندانی یاری تۆپی پێ و هەوادارانیەتی تەنها.