با سزاکان توندتربن لە جاران
2/11/2019 4:22:57 PM
2031 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+
-
شکنەبردنی یاسایەکی سزادان بۆ ئەو کەسانەی کە بەرامبەر ناوبژیوانان هەڵسوکەوتی دوور لە گیانی وەرزش دەکەن، بێ شک ئەم دیاردەیە وەکو نەخۆشیەکی بێ چارەسەر دەمێنێتەوە و بگرە زیاتر تەشەنە دەکات، دەگاتە ئاستێک ئارەزوومەندانی ناوبژیوانی بەرەو کەمبوونەوە بچن و دیاردەی وازهێنان لە ناویاندا پەرەبسێنێ.
بۆیە بەداخەوە ئەوەندەی بابەت و وتار و تەنانەت دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش باسی دیاردەی شەڕفرۆشتن و لێدان لە ناوبژیوانانیان کردووە، ئەوەندە هەست بە کەمبوونەوەی ئەم دیاردەیە ناکەین لە نێو یاریگاکانی کوردستان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی گرژی و ئاڵۆزی لە یاریگاکان دروست دەکەن و دەبنە هۆی بەرپاکردنی شەڕ و ئاژاوە و شەڕفرۆشتن بەناوبژیوانان، بێگومان کاریگەری نوسین و دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان لەسەر دروست نابێت، کەواتە پێویستە سزاکان توندتر بکرێن، تا ئەوان کاریگەری بەهێز دروست بکەن، بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو جا هەرچۆنێک بووبێ.
ئەو سزایانە هەم لە ڕووی دارایی بێت، هەمیش لە ڕووی سزادانی ئەو تیپەی کە کەسانی لەم شێوەیە لایەنگر و هاندەریانن، چونکە پێویستە بوونی یاسا و ڕێسایەکی توند بۆ ئەو بارە نەخوازرا و نامۆیە ببێتە فاکتەری کاریگەر تا هەموو یانەکانی کوردستان پابەندبن بە هێمنی یاریگا و دورخستنەوەی کەسانی ئاژاوەگێڕ لە دەوروبەریان.
ئەفسوس!!! بینینی ئەوشێوازە لە هێرشکردنە سەر ناوبژیوانان، وامان لێدەکات ڕوونبین نەبین لە داهاتووی وەرزشی کوردستان ئەگەر سزاکان لەمەودوا کاریگەر نەبن بۆ کەم کردنەوەی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە و چەند بارەبوونەوەشیان، ئەوەش وادەکات وەرزش و تۆپی پێی کوردستان بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەگەرچی بڕیاری سزادانی سەرپێچیکەران لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دڵخۆشکەرە، بەڵام ئەوەی دڵخۆش ترمان دەکات، هەستکردنی وەرزشکاران و هاندەرانە بە ماندووبوونی برا ناوبژیوانەکان و گیانی وەرزشکارانەی بەرز ببێتە هۆی دووبارەنەکردنەوەی ئەم هەڵسوکەوتە نامۆیانە، نەوەک شکبردنی سزایەکی توند بیانگەڕێنێتەوە لە هەر دیاردەیەکی نامۆ و ناوەرزشیانە، کە ببێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە.