بواتینگ له‌گه‌ڵ میسی چی بۆ به‌رشه‌لۆنه ده‌كه‌ن؟
1/24/2019 5:05:23 PM
1636 جار خوێندراوەتەوە
هەوراز کاوە
+
-
به‌ڕه‌چاوكردنی باریداری یانه‌كه و نه‌بوونی یه‌ده‌گی باش له ڕێزه‌كانی پێشه‌وه یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه بواتینگی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ گواسته‌وه، كه به بۆچوونی من: ئه‌مجۆره گرێبه‌ست و مامه‌ڵانه تاڕاده‌یه‌كی زۆر سوودی بۆ یانه كه‌ته‌لۆنییه‌كه هه‌یه، كه پێشتر توانیانه له ڕێگای پاولینهۆ و خه‌رجنه‌كردنی پاره‌یه‌كی زۆره‌وه سوود له‌ڕووه ته‌كتییكه‌ی ئه‌م ستاره به‌ڕازیلییه ببینن، كاتێك به باشی له ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌هۆی ئه‌زموون و ته‌مه‌نی یاریكردنی خۆی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی بنه‌ڕه‌تیدا گونجانێكی باشی له‌گه‌ڵ سیانه‌ی پێشه‌وه به یارمه‌تی لیۆ میسی دروستكرد، هه‌رچه‌نده ئیداری بلوگرانه له‌وه‌دا ژیرانه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو به خواستن ده‌یانهێنن زیاتر په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ لیۆدا هه‌یه، كه ئه‌مه‌ش بۆخۆی سه‌ركه‌وتنی باشی تێدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، چونكه كاتێك پاولینهۆ هاته نێو یاریگا به‌بوونی بۆسكێتس و ئینێستا زۆربه‌ی كات یارمه‌تی لایه‌نی خێرایی و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی تۆپی له‌گه‌ڵ میسی و سوارێزدا ده‌دا و به‌وه‌ش كه‌مترین هه‌ڵه‌ی ته‌كتیكی له شوێنی ناوبراو به‌ده‌ی ده‌كرا، چونكه سیانه‌ی پێشه‌وه‌ی به‌رشه هێنده به‌هێز و یارمه‌تیده‌رن ناهێڵن به هیچ كلوجێك نه‌نگی به ئاستی كۆی هێزی تیپه‌كه‌وه دیار بێت. هه‌رچی ئه‌ستێره‌ی تازه‌ی تیپه‌كه‌یه (كیڤن برینس بواتینگ) هه‌ر ده‌ڵێی یاریزانی یانه كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌یه، چونكه ئه‌و له یانه‌ی ساسۆلۆی ئیتاڵی به ته‌نیا و چه‌ندین جار به‌هۆی ئاستی خۆیه‌وه گۆڵی كردووه، هه‌روه‌ها ئه‌م ئه‌ستێره‌یه زیاتر له ناوه‌ڕاستی مه‌یدان به هه‌ردوو پێی یاریی ده‌كات و وه‌كو هێرشبه‌ری خه‌یاڵی ده‌بینرێت، زۆر به‌كه‌می له‌نێو چڕی یاریزانانی تیپی ڕكابه‌ر جوڵه ده‌كات، هه‌ركات گوشار بكه‌وێته‌سه‌ری ئه‌وه هه‌ڵده‌كشێت بۆ لاكانی یاریگا و له‌وێوه به‌هۆی خێرایی یاریكرن و ئاڵوگۆڕی تۆپه‌كان به هه‌ردوو پێی به ئاسانی فریووی به‌رگری تیپی ڕكابه‌ر ده‌دات و خۆی‌و تۆپه‌كان ڕزگار ده‌كات، یاخود زۆر به باشی له شێوه‌ی كه‌وانه‌یی تۆپه‌كان و قه‌وسكردنه‌وه‌ی خۆی بۆ‌نێو بۆكسی ڕكابه‌ر هیچی له دیمبڵی كه‌متر نییه. به‌وجۆره بواتینگ ده‌توانێت له ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچی له ئه‌ستێره‌كانی دیكه‌ی به‌رشه كه‌م بێت په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌كتیكی و هونه‌ری به‌رز دروست بكات، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی شووت لێده‌رێكی به‌هێزه له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا، له هه‌مانكاتدا به‌هۆی باڵا به‌رزییه‌كه‌ی سه‌ر لێده‌رێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، هه‌روه‌ها له‌كاتی نه‌بوونی ئه‌لبا و لا باڵه‌كان ڤالڤێردی ده‌توانێت خێرایی و هێرشی تیپه‌كه‌ی له‌و بنكه‌یه پێ چالاك بكات، یاخود هه‌ركاتێك میسی نه‌یتوانی له پشتی هێرشبه‌ره‌كانه‌وه بوونی هه‌بێت ئه‌م كوڕه ڕه‌شه به‌بێ گرفت و به‌پێی ئاستی خۆی له‌وێشدا مامه‌ڵه ده‌كات، بۆیه پێم وایه هاتنی بواتینگ له شه‌ش مانگ زیاتر ده‌خایه‌نێت بۆ یانه ئیسپانییه‌كه، چونكه له‌مكاته‌دا تیپی به‌رشه پێویستی زیاتری به ئارامی لایه‌نی هێرشبه‌ری و ناوه‌ڕاستی مه‌یدانه، تا خۆی لابدات له هه‌ڵه و گرفته‌كانی به‌رگری تیپه‌كه.