فشار خستنە سەر یاریزانان و کادیران بۆ خزمەتی یانەی دایک، ناوچەگەرییە
1/16/2019 3:04:58 PM
1343 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+
-
ڕەنگە زۆرێک لە یانەکانی کوردستان بەم دیاردەیە نامۆ نەبن، کاتێک لایان ئاساییە یاریزانان لەدەرەوەی شارەکەی خۆیان بهێنن، بەڵام ڕێگە بەیاریزانانی شارەکەی خۆیان نادەن لەیانەیەکی تر ئارامو دڵخۆش بن و خزمەتی پێبکەن و ببن بە یاریزان تێیدا.
زۆرجار فشارەکان هێندە چڕ دەکرێنەوە بەرامبەر بەو یاریزان و ڕاهێنەرانەی، کە خزمەتی یانەیەکی تر دەکەن، دەیانگەیەننە ئاستێک، لە نێو شارەکەی خۆشیان نەوەک تەنها بەڕێگە گرتن لێیان ، بەڵکو دەبنە هۆی نامۆکردنیان لەناو هاندەرانیش بەبیانووی ئەوەی خزمەت بە شارو یانەکەی خۆیان ناکەن، بەداخەوە بۆ چی ئەم جۆرە یانانە هێنانی یاریزان و ڕاهێنەری دەرەوە بۆخۆیان بە ڕەوا دەبینن، لەکاتێکدا یاریزانێکی یانەی دایک، یان چ ڕاهێنەر بێت، بەڕەوای نابینن هەلێکی باشتری لە ڕووی داراییەوە بۆ بڕەخسێ لەدەرەوەی شارەکەی خۆی خزمەت بکات؟ هەموو دژایەتیەک دەکرێ و تادەگاتە ئەوەی ڕێگە لەچوونی بگیرێ بۆ هەر کوێیەک، کە ئارەزووی بکات.
ئەمانەهەموو ڕێگە لەبەپیشەیی بوونی وەرزش دەگرن لەلایەکەوەو لەلایەکی ترەوە ناوچەگەریەکی تۆخ سیمای ئەو جۆرە شارو یانانەیە کە ئەم دیاردەیە لەنێویاندا هەیەو ئەوەش لەگەڵ گیانی وەرزشی ناهاوتایە. بەداخەوە زۆر جار لە هەندێک جێگەو شار کاتێک یاریزان یان ڕاهێنەر یان کادیر هەڵدەکەوێ و خزمەت دەکات، دژایەتیەکی لەڕادەبەدەر دەکرێ، کاتێکیش دەگوازێتەوە بۆ ناوچەو یانەیەکی تر بۆ خزمەت و کارکردن تا لە ململانێ ناتەندرووستەکان دورکەوێتەوە، هەم دیسان بەبیانووی ئەوەی خزمەتی شارو شوێنەکەی خۆی ناکات دووبارە دژایەتی دەکرێتەوە، لەهەموو دۆخەکان ئەم شوێن و جێگەو یانانەی ئەم دیاردەیە ڕەنگدانەوەی لەسەر کارەکانیان هەیە، ململانێ ناتەندروستەکان دەکەن بە شاڕێگەی کارکردن، ئەوەش جگە لە ماڵ وێرانی بۆ وەرزش و پێشنەکەوتنی ئەوبوارە هیچی تر نا بینین، و کەسانی شارەزاو یاریزانی بەتواناو ڕاهێنەرانی ئاست بەرزو زیرەک لەم دۆخەدا، دەبنە قوربانی و تەنها وەک ئەستێرە دوورەکان لەئاسمانی وەرزشی کوردستاندا لەدوورەوە ڕۆشناییان دەبینین .