كورد و مۆندیال!
6/13/2018 10:55:38 AM
1249 جار خوێندراوەتەوە
زاگرۆس نانەکەلی
+
-
زاگرۆس نانەكەلی
لە جامی جۆل ریمیە ساڵی 1930 لە ئۆرگوای بەرێوەچوو تا مۆندیالی 1990 ئیتالیا،كورد ماوەی (60) ساڵ ژێر دەست وچەوساوە و ماف خوراو بوو،راپەڕینی بەهاری 1991 باشووری كوردستان بەخێر وسەلامەت یەكەم مۆندیالی ئەمریكای ساڵی 1994مان بە ئازادی بینی!بەڵام رۆژهەڵات و رۆئاوا و باكوری كوردستان لە ساڵی 1930 تا 2018 واتە (88) ساڵە مۆندیالی ژێر دەستە بەرێدەكەن!باشە چ ئاینێكی ئاسمانی و عورف و مافی مرۆڤـ و گیانی وەرزشی و ویژدانێك ئەوە قبوڵ دەكات تەنها لەبەر ئەوەی كوردین مۆندیالیشمان پێ رەوانابینن،،بزانن وسەیر كەن كوردی داماو چەند بەدبەختە لە شكاندنی ریكۆرد و داتا و ئاماری خراپ سەرقافڵەیە... سەرقافڵە!.
بابگەڕینەوە باشووری كوردستان،شوكر بۆ خوا لە 1991 ئێمە ئازادین،واتە (27) سالە،ئەوەی مەبەستە بیڵێم تا ئێستا بەهیچ شێوەیەك نە حكومەت وپەرلەمان و وەرزارەتی وەرزش ولاوانی پێشوو ئێستای وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان،تەنها نەك كارییان كردبێت بەڵكو هیچ پلان وبیریشیان لە دانان و دامەزراندنی دەزگایەكی میدیای وەرزشی كوردی سەربەخۆ نەكردۆتەوە و نەكردوویەتیان!،ساڵانێكە من عەوداڵی ئەم ووڵامەم بەدەست بگات،بۆچی بیر لە پرۆژەیەكی گرنگی وا ناكەینەوە،زۆر سەیرە گەلانی جیهان لە رێگای میدیای وەرزشی گەورەترین بازرگانی و سیاسەتی وڵات و بزنسمان و بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پرۆژەی خێرخوازی نێودەوڵەتی و ئاوەدانی نیشتیمان ئەنجام دەدەن.
دوو سێ رۆژی تر مۆندیالی 2018 رووسیا دەست پێدەكات،بابزانین كورد لەم مۆندیالە چەند ئەكتیڤ و بەشدارە،یەك داوەری كوردی تیانیە،سەرپەرشتیارنیە كوردبێت،كارگێڕی و پەیوەندی ودارایی و بازاڕكردن و سپۆنسەر لەمانەش كورد بوونی نیە،یاریزانیكی كورد بوونی نیە،هەڵبژاردەی كوردستان بوونی نیە،دەزگایەكی میدیای وەرزشی كوردی بۆ گواستنەوەی یارییەكان بوونی نیە،میدیاكاری وەرزشی كوردی بۆی نیە وبوونی نیە یەك یاری روماڵ بكات،تەنها لە كەناڵەكانی ئاسمانی وناوخۆی موحەلیل و تەحلیل و مەحلیل زۆر دەبێت،ئەمەش خراپ نیە بەس بەشێوەیكی زانستیانە بەرێوەبچێت.
بەڵام لە مۆندیال دەتوانین ئەمانە بكەین، لە سۆشیال میدیا هاندەری هەڵبژاردەیەك بین ئینجا یەكتر بشكێنین بەناوی هەڵبژاردەی بیانی،قسەی نەشیاو رق وكینە و تیروتوانج و ناشیرین كردنی یەكتر و تەقەی خۆشی،كە نازانم چ خۆشییەك!،بۆمان هەیە ئەمانە بكەین،یاخود چەند خوا پێداوێك كە میدیاكاری وەرزشییش نین،لەجیاتی هەموومان لەنێو یارگاكان وێنەی سێڵفی دەگرن و روماڵی دەكەن و لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان،كەواتە لای ئێمە ئێستاش جامی جۆل ریمیەی ساڵی 1930 ئۆڕگوای دەستی پێنەكردووە.