بەرهەمەکەی ئەنجامی باشە، ئەگەر ئامادەکاریەکان لە کاتی خۆیدابێت
12/30/2018 5:06:15 PM
1115 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+
-
لە کوردستاندا ئەو یانانەی کاتێک لەخولەکان نزیک دەبنەوە، بەرلە چەند هەفتەیەک و بەو کاتە کەمە پلانی بەژداریکردن و خۆئامادەکردن دادەنێن و کۆکردنەوەی یاریزانان و هەڵبژاردنیان ئەنجام دەدەن ، و بەچڕوپڕی هەموو ئامادەکاریەکان لەو کات و وەختەدا دەکەن، کە ناتوانرێ بەم ماوە کەمە ڕاهێنەر بەتەواوی کەموو کورتیەکانی تیپەکەی چارەسەر بکات جا لە هەر شوێنێکدا بێت.
لەو بەینەدا هەر ڕاهێنەرێک لەهەر ئاستێکدا بێت و هەر بڕوانامەیەکی هەبێت، ناتوانێ ئەو ماوە کەمە بقۆزێتەوە بۆ سەلماندنی بوون و ئاست و توانای خۆی، بگرە زۆرجار ئاست و تواناکەی ژێردەکەوێ لەبەرامبەر کات و ماوەیەکی کەم و دەکەوێتە نێو شکستێکی چاوەڕوان کراو بەهۆی ئەو سات و وەختەکەمە.
هەربۆیە ئەمەش وادەکات، کە هێندەی باسی شکستی ڕاهێنەر بکرێت ، هێندە باسی ئەوکەم و کورتیانە نەکرێ، کەبەهۆی بێخەمیەوە توشی یانەکە هاتوون، هەر لە پێڕانەگەیشتن بۆ خۆ ئامادەکردن و ڕاهێنان و تەنانەت هەڵبژاردنی یاریزانانیش.
لەهەر شوێنێکیش تیپەمیللیەکان پێکهاتەی یانەکەیان تەواوکرد، پێویستە شەش مانگ پێش دەست پێکردنی خولەکانی کوردستان، ڕاهێنەر یاریزانەکانی خۆی دیاریکردبێ و پلان بۆ بەژداربوونی خولەکان کاری لەسەرکرابێ و بگرە پێکهاتەی یانەکە بەتەواوی خاڵە لاوازەکانی کاری لەسەرکرابێ و خاڵەبەهێزەکانیش بەهێزترو باشترکرابن، تاوەکوو ڕاهێنەر بە باشترین پلان و بەرنامە بچێتە نێو خولەکان بەبێ دڵە ڕاوکێ.
خۆئەگەر ڕاهێنەر هەرلەسات و وەختی دەست پێکردنی خولەکان دابنرێ و پێشتر خەمی لێ نەخورابێ ئەوا پێویستە ئەم بارودۆخانە چارەسەر بکرێ و ناکرێت ڕاهێنەرێک ڕاهێنەرایەتی تیپێک بکاو نەزانێ سود لەئاست و توانای کێ دەبینێ و ئاست و توانای چ یاریزانێکیش هی ئەوەیە دەرگای تیپەکەی بۆ واڵابکرێت ، ناکرێت ڕاهێنەرێک بەکارو بەرنامەیەکی تەواوی خۆی هاتبێت و ڕاهێنەرایەتی تیپێک یان یانەیەک بکات، بەڵام لەبەر کەمی کات و نزیک بوونەوە لەخولەکان جالەهەر یاریەکدا بێت و لەهەر ئاستێکدا بێت، بەخێرایی پشت بەکۆمەڵێک یاریزان ببەستێ کە خۆی دەستی لەهەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنیان بەڕێژەیەکی کەم بوبێ، ئەستەم دەبێت خەونی گەورە لەسەر ئەو ماوە کەمەی کە لەبەردەمیەتی هەڵچنێ و کار لەسەر پلان و بەرنامەیەک بکات کەپێویستی بەماوەیەکی زۆرە، بەتایبەت ئەگەرهات و لەتیپەمیللیەکانەوە سود لەیاریزانان وەرگیرابێ، ئەوە ئەو ماوە کەمە نابێتە فاکتەری ئاشنابوون و شارەزابوونی ئەو کۆمەڵە یاریزانەی کە لەتیپەمیللیە جیاجیاکانەوە هاتون و پێکهاتەی یانەکەیان تەواو کردووە، و پەیوەندی و گونجانی باش لەنێو یاریگادا پێکەوە درووست ناکەن لەکاتی یاریکردندا، ئەمەش هەماهەنگیەکی لاواز ڕەنگدانەوەی بەرچاوی دەبێت لە لەساتی دەست پێکردنی خولەکان و یاریکردنیان.