هۆڵندایەکی نوێ

10/14/2018 7:50:15 PM

2388 جار خوێندراوەتەوە

سامان عارف
+ -

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەڵبژاردەی هۆڵندا بێبەش بوو لە دوو بۆنەی گەورەی تۆپی پێ کە ئەوانیش یۆرۆی 2016 و مۆندیالی 2018 بوون ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو جیلەی کە توانیان پلەی دووەم لەمۆندیالی 2010 و پلەی سێیەم لەمۆندیالی 2014 بەدەست بهێنن تەمەنی یاریکردنیان لەیاری تۆپی پێدا بەرەو کۆتایی دەچوو، هەندێکیشیان وازیان لەیاری نێودەوڵەتی هێناو گۆڕینی ڕاهێنەریش بوە هۆی ئەوەی تۆپی پێی هۆڵندا تاڕادەیەک پاشەکشە بکات و هاوشێوەی هەڵبژاردەکانی تر هۆڵندا تیپێکی جێگرەوەی نەبوو بۆ ئەو یاریزانانەی کە وازیان لەیاری هێنا، هەر بۆیە تا رادەیەکی زۆر سەرلەبەری پێکهاتەی هەڵبژاردەکە پێویستی بە نوێ بونەوە بوو.

لەدوای دەست بەکاربونی کومان وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵندا توانی بە تەواوی پێکهاتەیەک لەیاریزانی لاو دروست بکات و بە ڕێژەیەکی زۆریش متمانەی بەیاریزانە لاوەکان بەخشی و وازی لەو پێکهاتە جێگیرەی چەند ساڵی ڕابردوو هێنا و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ئەنجامدا و ئەوەش لە چەند یاری ڕابردوو ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو بەتایبەت لە یارییان بەرامبەر ئەڵمانیا لەگەڵ ئەوەی لە یارییەکەدا یاریزانە نوێکانی کومان بانگهێشتی کردبوون چەند هەڵەیەکیان کرد بەتایبەت لەهێڵی بەرگریدا بەڵام بەو متمانەیەی کە راهێنەر پێی دابوون توانیان کۆنترۆڵی یارییەکە بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.

ئەم پێکهاتەیەی ئێستا کومانی ڕاهێنەر کاری لەسەر دەکات دەکرێت بڵێین لە چەند ساڵی داهاتوودا دەبێتە پێکهاتەیەکی بەهێز و هۆڵندا دەبێتەوە هەڵبژاردە بەهێزەکەی چەند ساڵی ڕابردوو بەڵام لەگەڵ بونی هەڵبژاردەیەکی بەهێزیشدا دەبێت بەردەوام بیر لە یاریزانانی پێش ئەم جیلە بکرێتەوەو ڕاستەوخۆ راهێنەری یەکەم کار لەسەر پێگەیاندنی یاریزانان بکات و هاوشێوەی پێکهاتەی پێشوو هەڵبژاردەی هۆڵندا توشی هەمان گرفت نەبێتەوە کە پێکهاتەیەکی هاوتەمەن کۆتایی یاریکردنیان نزیک ببێتەوە پێکهاتەو و یاریزانی جێگرەیان نەبێت و وەک ئێستای هەڵبژاردەکە لەسەرەتاوە دەست بکرێت بە دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێز وەک ئەو هۆلندایەی بەرامبەر ئەڵمانیا بینیمان کە لەچەند ساڵی داهاتوودا جێ پەنجەی کومان بەم پێکهاتەیەوە دەبینین.