چۆن باشترین یاریزانی ئەوروپا و زە بێست و براوەى تۆپی ئاڵتون دیاریی دەکرێت؟
9/5/2018 11:21:53 AM
2875 جار خوێندراوەتەوە
رەوەز ئەحمەد
+
-
هەوڵ دەدەم بە کورتی و وردی باسی دیاریکردنی یاریزان بکەم بۆ خەڵاتەکانی زە بێست و باشترینی ئەوروپا و تۆپی ئاڵتون
دواتریش پێتان دەڵێم کە چۆن یاریزانەکان خاڵ وەردەگرن و چۆن دیاریدەکرێن.
// باشترین یاریزانی ئەوروپا چۆن دیاریدەکرێت؟ (ئەوەى مۆدریچ وەریگرت)
ئەم خەڵاتە ساڵانە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا واتە یوفا دەیدات بەو یاریزانەى باشترین ئاست لەگەڵ یانەکەی و هەڵبژاردەکەى لە وەرزی رابردوو پێشکەش دەکات
واتە ئەم خەڵاتە پەیوەندی هەیە بە ئاستی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکەی و هەڵبژاردەکەى
ئەى چۆن یاریزانەکە دیاریدەکرێت؟
80 راهێنەر کە بەشدارن لە چامپیۆنز لیگ دەنگ دەدەن لەگەڵ 55 رۆژنامەنوس کە ئەندامن لە یەکێتییە وەرزشییەکان
تەنها بە دەنگی ئەو دوو لایەنە باشترین یاریزانی ئەوروپا دیاریدەکرێت
// خەڵاتی زە بێست
زە بێست خەڵاتێکە لە دوو ساڵی رابردودا رۆناڵدۆ وەریگرتوەو بۆ ئەمساڵیش رۆناڵدۆ و محەمەد سەڵاح و مۆدریچ رکابەری دەکەن
ئەى ئەم خەڵاتە چۆن دەدرێت و کێ دیاریدەکات؟
ئەویش بەم جۆرە دەبێت
دەبێت بزانین زە بێست خەڵاتێکە تایبەتە بە یەکێتیی تۆپی پێی جیهان واتە فیفا
سەرەتا 13 یاریزانی دیار و بەناوبانگی جیهان لە رابردودا کە ئێستا وانە بێژ و ئەندام و راوێژکاری فیفان هەڵدەستن بە دیاریکردنی 10 یاریزان وەک پاڵێوراو بۆ ئەو نازناوە
واتە ئەو 13 یاریزانەى پێشوی تۆپی پێ 10 یاریزان دیاریدەکەن
پاش دیاریکردنی 10 یاریزانەکە ، کاتی دەنگدان دەستپێدەکات بەم جۆرە
هاندەران لەسەدا 25
رۆژنامەنوسان لەسەدا 25
راهێنەرانی هەڵبژاردەکان لەسەدا 25
کاپتنی هەڵبژاردەکان لەسەدا 25
دەنگی یەکەم پێنج خاڵ و دەنگی دووەم سێ خأڵ و دەنگی سێیەم یەک خاڵ دەبێت
بە پێی دەنگ دان سێ یاریزان دەمێننەوە کە زۆرترین خاڵیان بەدەستهێناوە
واتە ئەمەى ئێستا کە سەڵاح و مۆدریچ و رۆناڵدۆ ماونەتەوە زۆرترین خاڵیان کۆکردۆتەوە
// تۆپی ئاڵتون
ئەم خەڵاتە لە ساڵی 1956ەوە دەدرێت ، بەڵام نە فیفا و نە یوفا نییە، بەڵکو تەنها گۆڤارێک دەیدات کە ناوی فرانس فوتبۆڵە ، لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2015 بو بە هاوبەشی لەگەڵ فیفا بەڵام ئێستا جیابونەتەوەو هەر لایەو خەڵاتێکی خۆی هەیە
ئەم خەڵاتە هەروەک خەڵاتەکانی مارکا و ئاس و لاگازێتا و رۆژنامەکانی تر وایە بەڵام ئەم چونکە تۆپی ئاڵتونە و خەڵاتەکە گرانبەها ترە بۆیە زیاتر تەرکیزی خراوەتە سەر و جگە لەوەش ئەو چەند ساڵەى کە لەگەڵ فیفا بەهاوبەشی درا زیاتر قیمەى خەڵاتەکەى گەورەتر کرد
بە هەر حاڵ بزانین چۆن دەدرێت و چۆن یاریزان دیاریدەکرێت
خەڵاتی تۆپی ئاڵتون پشت دەبەستێت بە ئاستی یاریزان لە ساڵێکدا ، نەک لە یەک وەرزی تۆپی پێی یاریکردندا
واتە پشت دەبەستێت بە ئاستی یاریزانەکە بۆ نمونە لە 1/1/2017 بۆ 1/1/2018
ئەوانەشی دەنگ دەدەن بریتین لە کۆمەڵێک رۆژنامەنوسی دیاریکراوی وڵاتەکانی جیهان
ئەمانە بەم جۆرە خاڵەکانیان دابەش دەبێت
شەش خاڵ بۆ یەکەم ، چوار خاڵ بۆ دووەم، سێ خاڵ بۆ سێیەم ، دوو خاڵ بۆ چوارەم یەک خاڵ بۆ پێنجەم
لەگەڵ دەنگی ئەندامانی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ خۆی کە ئەوەش بڕێکی زۆر کەمە
ئەو یاریزانەى زۆرترین خاڵی کۆکردبوەوە ئەوە تۆپی ئاڵتون وەردەگرێت
ئەوەى سەرەوە
شێوازی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باشترینی ئەوروپا و زە بێست و تۆپی ئاڵتون بوو
هەروەها چۆنیەتی دیاریکردنی یاریزان بوو بۆ ئەو خەڵاتانە