دوای سەرکەوتنی یانەکانی دەڤەری ڕاپەڕین، چێژی وەرزش زیاتر دەبێت

6/7/2021 4:31:37 PM

2117 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

لەدەسپێکی خولی تۆپی پێی یانە پلەدووەکانی کوردستان، یانەکانی دەڤەری ڕاپەڕین بە پشتیوانی گەرم و گوڕی ھاندەرانیان، ھەوڵەکانیان زیاد لەپێویست  چڕکردۆتەوە بۆ سەرکەوتن و دڵخۆشکردنی جەماوەرەکەیان، تا لەداھاتوودا ھەرنەبێت ئەم دەڤەرە گەرمو گوڕە لەھەبوونی زۆرترین جەماوەر و لەھەبوونی بەچێژترین خولەکانی تۆپی پێی، خەونی چەند ساڵەی ببێ بە ڕاست و یانەکانی وێنەی ئەوجەماوەرە زۆر و جوان و قەشەنگە، ببەنە ناو خولە بەھێزەکانی کوردستان و یاریگا کانی یانەکانی تر بەم جەماوەرە لەخۆبوردووە پڕکەن لەھاشەھاشی ھاندان و تا بە ھەموو کوردستان بڵێن، ئێمە ئەو یانانەین کە جەماوەرمان لەھەرکوێی دونیا بێت یاریگاکان دەتەنن و وەک ھەور دەگرمێنن و بارانی ئاشتی بەسەر گشت یاریگاکاندا دەبارێنن.

ئەوەتا دڵسۆزی یاریزانان و ڕاھێنەران و دەستەی یانەکان و کاربەدەستانی شارەکانیان و لەسەرووی ھەموویانەوە جەماوەر، دەستە دەستە بەگشتی  ھاوکاری و پشتیوانی بۆ ناوی شارەکانیان دووپات دەکەنەوە، ھەموو ئەمانە بوونەتە وزەی سەرکەوتنیان و بەگیانی بەرزی وەرزشیەوە یاریزانانیان قۆناغە سەختەکان تێدەپەڕێنن.

جێی دڵخۆشیە چ لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چ لە دوونیای ڕاستی و دور لەخەیاڵ، ھاندەرانی شارە جیاجیاکان لەدەڤەرەکە خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەرکەوتنی یەکتری دەردەبڕن و، لەپێناو نیشاندانی ھەستی خۆشەویستیان بۆ یاریزانان و سەرکەوتنەکانیان دروشمی جوان بەگیانی وەرزشیەوە دەڵێنەوە.

بەو گیانە وەرزشیەوە، خۆشویستنی یەکتری گەیشتۆتە ئاستێک کە ھیچ ھاندەرێک ئارەزووی بەریەککەوتنی یانەکانی دەڤەرەکە ناکات لەگەڵ یەکتری، ئەگەرچی وەرزش بە ھەموو ململانێ تەندروستەکەیەوە خۆشە ئەگەر ئەوەش ڕوبدا، گرنگە نوێنەری دەڤەرەکە لەنێو خولەبەھێزەکانی کوردستاندا بەدی بکەین بەو گیانەی ئێستاوە ھاندانمان پێشکەشی پاڵەوانەکان بکەین.

خۆشەویستیەکی تر و دیاردەیەکی جوان کە لەلایەن وەرزشکارانی ناوچەکە ئێستا بووە بە ڕەمزی وەفاو دڵسۆزی بۆ وەرزشی شارەکان بەگشتی، ئەو پێکھاتانەن کە یانەکانیان پێکھێناوە، ھەموو یاریزانانی ناوچەکە بەیەکسانی بەبێ گوێدانە ناوچەگەری شارو ناوچە، یاری بۆ شارەکانی تر دەکەن و ئەمەش سیمایەکی جوان و بەڵگەی  پێشکەوتنی وەرزشی ناوچەکەیە  کە بەرە بەرە لە پەرەسەندن دایە و، ئەمەش ڕوونە کە ڕۆشنبیری وەرزشیش ڕەنگدانەوەی باش و بەرچاوی ھەیە لە ھەڵسوکەوتی وەرزش دۆست و وەرزشکاراندا، ئەگەرچی یاریگاکانی وڵاتانی پێشکەوتووش بەبێ ڕوداو دیاردەی نامۆ نابن. دەشێ لەھەموو ئەم چالاکی و جموجۆڵانەشدا کەموکوڕی ھەبێت، بەڵام دواجار بوونی ھەر ھەڵسوکەوتێکی جوان لەلایەن یاریزانان و  ھاندەرانەوە، وەرزشی ناوچەکە جوانترو بەرەو پێشتر دەبات.

لەکۆتایدا دەڵێم: بەداخەوە بۆیاریگاکانمان، تەنھا لایەکیان بۆجێی دانیشتنی ھاندەران دروستکراوە، لەکاتێکدا چەندین ساڵە ئەم دەڤەرە ھەر لە قەڵادزێ و ڕانیە و چوارقورنە و  حاجیاواوە ھەتا پیرەمەگرون، ئەو جەماوەرە زۆر و قەشەنگە بۆ یاریەکانی تیپە میللیەکانیش بوونی ھەبووە، بۆچی تائێستا لایەنی پەیوەندیدار بیری لای ئەوە نەبووە شوێنی دانیشتنی ھاندەران گەورە بکات؟ ھەرنەبێت بۆخاتری ئەو خەڵکە وەرزشکار و وەرزشدۆستەی کە سەرەڕای بەرتەسکی و کەمی ژمارەی کورسیەکان، یاریگاکان پڕدەکەن و ھانی تیپەکانیان دەدەن.

چونکە لەکاتێکدا لەھەر شارێک لەو شارانە ھەریاریەک بەڕێوەبچێت، بێگوومان لەشارەکانی تریشەوە جەماوەر و ھاندەران ڕووی تێدەکەن، ئەوەش دەبێتە ھۆی پاڵەپەستۆیەکی زۆر و ھاندەران ناڕەحەتیەکی زۆر دەچێژن.