بۆچی (تۆپی پێی فووتساڵ) ھەڵەیە؟

5/9/2021 3:52:44 PM

1064 جار خوێندراوەتەوە

عومەر عەلى
+ -

فووتساڵ(Futsal) وشەیەکی لێکدراوی ئیسپانییە لە وشەکانی (fútbol+ de+ salón)  پێکھاتووە. واتای (تۆپی پێ + لە + ھۆڵ) دەدات. لە زۆربەی زمانە زیندووە جیھانییەکانی وەک: ئینگلیزی، فەڕەنسی، پرتوگالی، ئیسپانی و ...ھتد ھەر بە فووتساڵ گۆ دەکرێـت. جگە لە وڵاتە عەرەبییەکانی دەوروبەرمان، تورک بە (Futsal) و فارس بە (فوتسال) گۆی دەکات. ھەرچی سەرچاوە عەرەبییەکانە بە (کرە القدم الێالات) وەرگێڕانیان بۆ کردبوو، وەک بڵێی بە ھەڵەی خۆیان زانیبێت، لەم دواییانە کردیانە (کرە الێالات)! سەرچاوە کوردییەکانیش، چونکە ھەر پشتیان بە عەرەبییەکە بەستووە، بە (تۆپی پێی فوتساڵ) یان (تۆپی پێی ھۆڵەکان) پەرچڤەیان کردووە. 
(تۆپی پێی فوتساڵ)/(تۆپی پێی ھۆڵەکان) ئەمانە پێناسەی فووتساڵن، نەک فووتساڵ خۆی! بۆ نموونە: (پێشمەرگە) یان (کڵاش) دوو وشەن کە جگە لە کوردی، پەیوەندییان بە ھیچ زمانێکی ترەوە نییە، کاتێک دەکرێتە ئینگلیزی دەبێت ھەر بنووسرێت (Peshmarga) یان (Klash)، چونکە ئەگەر بیانەوێت لەڕێگەی زمانی ئینگلیزییەوە گوزارشتیان لێ بکە، دەبێ بنووسێت: ( military forces of the kurds) یان (soft shoes) کە ئەمانەش دەبنە پێناسەی پێشمەرگە و کڵاش، نەک خودی خۆیان. ئەگەر سەیریش بکەین وشەگەلی وەک: (زکات، جھاد، فتح، حج، ...ھتد) کە کۆمەڵە وشەیەکن تایبەتن بە ئایینی ئیسلام، کاتێک دەکرێنە کوردی یان ھەر زمانێکی تر، ناچارانە ھەر دەبێـت بنووسرێ: (زەکات، جیھاد، فەتح، جەح،..ھتد).
وەک چۆن (پێشمەرگە، پێشمەرگەیە!)، (کڵاش، کڵاشە!) و (زەکات، زەکاتە!) فووتساڵیش، فووتساڵە! و ناکرێ لەڕێی پێناسەکردنی وشەکەوە، گوزارشت لە زاراوەی فووتساڵ بکەین.
خوودی فووتساڵ ھەڵگری واتای (تۆپی پێ) و (ھۆڵ)ە. واتە ئەوەی کراوەتە (تۆپی پێی فوتساڵ)/(تۆپی پێی ھۆڵەکان) ئەوە پێناسەی فووتساڵە. وەک چۆن نەکرا (کڵاش) بکەینە (پێڵاوی نەرم) ئاواش زۆر نەشاز و دڕێژدادڕییانە و ناپێویستە (فووتساڵ) بکەینە (تۆپی پێی فووتساڵ).
ھیوادارم یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، خەمخۆران و ناوبژیوانانی فووتساڵ (زانکۆکانیش، ئەگەر تاقەتیان ھەبوو) ئاوڕێکی جددی و زانستییانە لەم وەرگێڕانەیان بدەنەوە و پێداچوونەوەیەکی بۆ بکەن، خێریان دەگاتێ!
ئەگەریش لە من زیاتر خەمی ئەوەیانە زاراوەیەکی کوردی بەرانبەر زاراوەی جیھانی (Futsal) دابنێین، ئەوە پێشنیاری (تۆپی ھۆڵ)یان بۆ دەکەم، چونکە ئەوەی تر ناشازییەکی زۆری تێدایە و گوێگر و خوێنەر تووشی وەڕەزی دەکات، ئەگەرچی لەگەڵیشی ڕاھاتبێت.