جامی لاوان یان کوشتنی خەونەکان؟!
5/4/2021 2:17:23 PM
482 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رواندزی
+
-
لاوان و ئاستەکانی خوارتری تەمەن کۆڵەکەو بناغەی داھاتوون، لە وڵاتانی پێشکەوتوو بایەخ و گرنگیەکی زێدەیان پێدەدرێت و بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بەرنامەی پەرەپێدانیان بۆ دادەڕێژرێت.
لە ھەرێمی کوردستانیش کە مەبەستی باسەکەمە، زۆرینەی لاوان ئاشق و شەیدای تۆپی پێن، ساڵانە لەلایەن یەکیەتی تۆپی پێوە خولی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە، لێ بەپێی شیکردنەوەو ھەڵسەنگاندنی شارەزایانی بوارەکە، کردنەوەی خولەکان کەمترین پێوەری زانستی و سوود گەیاندنی تێدا بەدی دەکرێ، بگرە زیاتر وەک رۆتینێکی ساڵانە و شتێکی رووکەش دێتە دیتن! چەند رۆژێک لەمەوبەر یەکیەتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا لە بری خولی لاوان، جامی لاوان ئەنجامبدات، بە بڕوای من بەر لەوەی شەن و کەوی شێوازی بەڕێوەچوون و جیاوازی خول و جام یا دەرھاوێشتەکانی ئەو بڕیارە بکەم، رایدەگەیەنم کە خودی بیرۆکەکە بە کارەسات و مەترسی بۆ ئایندەی لاوان دەزانم، ئەگەرچی جام کرایە بڕیار، لێ ھیوادارم نەچێتە باری جێبەجێکردن، چونکە شێوازی جام نەک نابێتە فاکتەرێک بۆ بنیاتنانی بناغەیەکی پتەو بۆ داھاتوو، بگرە دەبێتە ھۆکارێک بۆ لەباربردنی ھیوای ئەو لاوانەی کە خەون بە درەوشانەوەو داھاتووێکی گەش دەبینن، ئاخر چۆن دەبێ بە دوو یاری ساڵێکی یانەو یاریزان بە کۆتا بێنی، باشە بە ١٨٠ خولەک یاریزان چۆن بتوانێ بەھرەی خۆی نیشانبدات و پەرەی پێبدات؟! لە کاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتوو ساڵانە زیاتر لە خولێکیان بۆ دەکرێتەوە، ئەمەش ھۆکارێکە بۆ ئەوەی لاوان دەرفەتی زیاتریان ھەبێ تاکو تواناو بەھرەکانیان نیشانبدەن، بەم ھۆیەشەوە دەرفەتی دوورکەوتنەوەیان لە کایەکە ئێجگار کەم دەبێت، بە پێچەوانەی لای خۆمان کە بەھۆی بێ بەرنامەیی و بڕیاری نالۆژیکی و میزاجی کەسەکان، لاوان دوای ئەنجامدانی چەند یارییەک، تەواوی ماوەی ساڵ بە چوونە کافتریاو کێشانی نیرگلەو شتی لاوەکی بێ سوود بەسەر دەبەن، ئەم کارەش مەترسیەکی رژدە بۆ داھاتووی ئەو گەنجانەی کە ماوەی چەندین مانگ خۆیان بۆ ئەو خولە ئامادە دەکەن، کەچی تۆ بە دوو یاری پێی دەڵێی بگەڕێوە ماڵەوەو خەونی گەورە مەبینە!
روونە کە خول و جام دوو شتی زۆر جیاوازن، لە رووی رکابەری و ئاستیشدا خول سوودو تامووچێژی زیاترە، بە پێچەوانەوە جام ھیچ یەکێک لەو ئامانجانە ئەرێنیانە ناپێکێت کە دەبنە ھۆکارێک بۆ پێشڤەچوونی تۆپی پێ، ئاساییە لەپاڵ خولدا جامیش سازبکرێت، بەڵام بەھیچ شێوەیەک نابێ جام بکرێتە ئەلتەرناتیڤی خول، لێرەدا من لە سۆنگەی دڵسۆزی و خەمخۆریم بۆ کایەکە، بە مافی خۆم دەزانم رەخنە لە یەکیەتی پەیوەندیدار بگرم، چونکە ناکرێ ھەر کەسەو بە ھەوەسی خۆی بڕیارێک بدات، ناشێ و نابێ لەگەڵ گۆڕینی ھەر دەستەیەک ھەموو شتەکان سەراو ژێر ببن.
بۆیە پێویستی دەزانم و پێشنیار دەکەم لەمەودوا لە رێگەی دانانی میکانیزمێکی زانستیەوە بەرنامە بۆ سازکردنی خولەکانی ساڵ دابنرێت و بڕگەو خاڵەکانی بۆ تەواوی وەرز بچەسپێنرێت، نەک لە پڕێکدا خول بکەیتە جام و ژمارەی یانەکانیش بێ ھیچ بنەمایەک زیاد بکەیت، ئەوە باسی ھەڵبەزو دابەزی تیپەکانیش ناکەم کە لەھەر چرکە ساتێکدا بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی کەم و زیاد دەکرێ!