ڕاو بۆچونە جیاوازەکان شایستەی سوکایەتی نین

3/30/2021 12:20:12 PM

586 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

بەداخەوە، لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دیاردەیەک کە خەریکە تەشەنە دەستێنێ و دەبێتە ھۆی تێکشکاندنی ڕاو بۆچوونە جیاوازەکان، قسەگووتن بە ھاندەری ئەم یانەو ئەم تیپ و ئەم یاریزان، شتێکە ناچێتە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و ناچێتە ناو بازنەی پێکەوە خزنەتکردن بەم بوارە.

چونکە کاتێک کەسێک بۆچوونێکی تایبەت بەخۆی دەردەبڕێت و تەواوە جیاوازە لە بۆچوونی  بەرامبەرەکەی، ناکرێت بەرامبەرەکەی جگە لەبەسوک سەیرکردنی بۆچوونەکەی، سوکایەتی بە ھەموو ئەمانە بکات کە خۆشی دەوێن، چونکە ھەمو ڕاو بۆچوونەکان گرنگن، بەومانایەی ڕاوبۆچوونی جیاواز گفتوگۆی جیاوازو زۆر ھەڵدەگرێ و لەکۆتایدا مەرج نیە یەکێک بباتەوەو دەھۆڵی سەرکەوتن بکوتێ، بەڵکو دەکرێت بۆچوونە جیاوازەکان ھەموویان بۆخزمەتی بوارەکە کە وەرزشە بکرێنە سەرچاوەی خزمەت و لەھەندێک کاتیشدا دەکرێت لەخاڵی ناوەندا ڕاجیاوازەکان ببنە ڕاو بۆچونێکی کاریگەرو خزمەت بە بوارەکە بکەن. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ناکرێت لە خۆشەویستمان بۆ یانەو یاریزان و ڕاھێنەرێک، بێین بەشێوازێکی ناشیرین  ئەم خۆشەویستیە دەرببڕین، ئەویش بەبریندارکردنی ئەوانەی کە یانەو یاریزانی تریان خۆش دەوێن و لەگەڵمان ھاوڕا نین و، خۆشەویستیشیان بۆیانەو یاریزان و ڕاھێنەری تر ھەیە.

ھەربۆیە وەرزشکار بێت یان یاریزان یان شیکەرەوە، پیویستە بەئاگاییەکی زۆرەوە بڕوانێتە ھەموو کایەکە، ناکرێت ئەوەی تۆ پێت باش نەبوو لێکدانی سفری بکەی، لەکاتێکدا پێویستە بەباشەکان بڵێی باش، ئەگەر ھاندەریشیان نەبیت، چونکە وەرزش خۆی ئاوێنەیەکە ھەموو وەرزشکاران خۆیانی تێدا دەبینن ئەگەر ئاست بەرزبێت یان  نزم لە ڕووی تواناوە، جابۆیە ھاندەران و جەماوەریش بەوشێوەیە دەیانبینن کە ھەن، پێویست بەشکاندنیان ناکات.

جیا لەوە پێویستە لەساتی قسەکردندا لەسەر ھەر یانەو یاریزانێک، بەزانیاری و شتی باش خەڵک تێربکرێت، نەوەک بەسوکایەتی و جنێو لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا، چونکە ئەم دیاردەیە کە بۆسەر ھەڵکشا؛ تێربوونی نیە، تەنھا تێکشاندنی یەکتری و پێوەچوونی زیاتری  تێدا دەبینرێت، جا ھەرکەسێک پێی ھەستێت.