شیوەنێک بۆ وەرزشی کوردستان
2/25/2021 4:29:17 PM
994 جار خوێندراوەتەوە
بیلال حەمە
+
-
بەرپرسی حیزبیی و نائەکادیمیی، سێ دەیەیە وەرزشی کوردستان دەبەن بەڕێوە، لە سایەیاندا وەرزشی ئەم ھەرێمە بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیووە، کە شایەنی باس بێت و ھەر ھیچ نەبێ ، ببێتە بناغەیەکی تۆکمە و ڕێگەخۆشکەر بۆ بنیاتنانی ژێرخانی وەرزشی.
وەرزش لە ھەرێمی کوردستان وەک باقی کایەکانی تر بەحیزبی کراوە و پۆست و پلە و بەرپرسیاریەتییەکان لەنێوان ھەردوو ھێزی دەسەڵاتدا، پەنجا بە پەنجا دابەشکراوە، بەجۆرێک ھەموو ئەوکەسانەی پلەیەک یان بەرپرسیاریەتییەک وەردەگرن، دەبێت بەفلتەری حیزبیدا بڕوات، ئینجاکە ئۆکە و فەرمووی چوونە سەر کورسیەکەی لێ دەکرێت.
ئەوەی لەو نێوەندەدا قیمەتێکی نەبووە و نییە، توانا و لێھاتوویی خەڵکانێکی ئەکادیمیی و ئەزمووندارە، کە خەمیان پێشوەچوونی وەرزشی کوردستانە.
ھەرێمی کوردستان تا ئەم ساتەش، خاوەن یاسایەکی تایبەت بەخۆی نییە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی سێکتەری وەرزش، کە ھاوکاربێت بۆ پێشوەچوون و گەشەپێدانی بواری وەرزشی لە گشت ڕەھەندەکانەوە.
داخی گرانم! ئەوان نەک نەیان توانی یاسایەک دابڕێژن بۆ خزمەتی وەرزش و وەرزشکاران، بگرە وەرزشی کوردستانیان لە وەزارەتێکەوە بۆ بەڕێوبەرایەتییەک بچوککردەوە، کە کارێکی ئەوتۆی لەدەست نایەت .
کەڵەکەبوونی ئاریشەکانی ساڵانی ڕابردوو، چارەسەرنەکردنیان و نەبوونی پلانێکی گونجاو و تۆکمە بۆیان، گرفتێکی تری وەرزشی کوردستانە.
مخابن! تادێت ئاریشەکانی وەرزشی کوردستان ڕوو لەزیادبوونن، ئێستا یەکێ لە ئاریشەکانی تر کە بەرۆکی وەرزشی ئەم ھەرێمەی گرتووە، بوونی فرەپۆستییە لەناو بەشێک لە بەرپرسانی وەرزشی، کە زەمەنێکە بوونەتە مۆتەکە بەسەر وەرزشی کوردستانەوە، ئەمەش بووەتە ھۆی ڕێگریی لە ھاتنە پێشەوەی خەڵکانێکی ئەکادیمی و ئەزمووندار بۆ ڕاستەڕێ کردنی وەرزشی ئەم ھەرێمە.
وەرزش لەجیھاندا ھەوێنێکە بۆ کۆکردنەوەی گشت ئایدیا، ئاین و ڕەنگە جیاوازەکان، کەچی لەم ھەرێمەی ئێمە ناتەبایی، ململانێی سیاسیی و تایبەتیی نێوان بەرپرسە وەرزشییەکان ئاریشەیەکی ترە، کە ڕەنگدانەوەی خراپی ھەبووە بەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی یەکێتی و ناوەندە وەرزشییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگی و بێھەڵوێستی زۆرێک لە خەمخۆران و وەرزشکارانی ئەم ھەرێمە ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ زۆرێک لەو بەناو بەرپرسە وەرزشییانە تا پێگە و بەرپرسیاریەتییەکانیان بەکاربێنن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان، نەک خزمەتکردن بە وەرزش و وەرزشکاران.
بەجۆرێک ئێستاشی لەگەڵ بێت بەشێک لە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان و کاربەدەستانی یانە وەرزشییەکان، وەک خێرخواز خۆیان نیشانی وەرزشوانان دەدەن و وەرزشوانانیش وەک چاو لە مستی خۆیان دەبینن.
لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم: وەرزشی کوردستان ئێستاکە لە دۆخێکدایە، کە دەرچوون لێی و گەیاندنی بە دۆخێکی باشتر لەوەی ئێستاکە کارێکی ھەروا ئاسان نییە، چون وەرزش لەژێر دەستی کەسانێکدایە کە بەرپرسن لە خراپی و پاشوەچوونی وەرزش. لەبەرئەوە دەمێکە کاتی ئەوە ھاتووە بە زۆرێک لەو بەرپرسە وەرزشییانەی ئەم ھەرێمە بڵێین بەڕێزەوە جێگاکانتان چۆڵ بکەن، چونکە زیاد لەپێویست کات و پارەی زۆر و زەوەندتان لەبەردەستدا بوو، بۆئەوەی وەرزشی ئەم ھەرێمە لەم دۆخە چەقبەستووەی ڕزگار بکەن و گیانێک بەبەر وەرزشی ئەم ھەرێمە بکەنەوە، وەلێ ئێوە شکستتان ھێناو و تەنانەت لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئێوەماناندا ئەوەی لەپێشووتریشدا بەدەست ھاتبوو، لەناوچوو یان لەژێر ھەڕەشەی لەناوچووندایە.