فێرکردن یان فێڵکردن!

2/2/2021 2:29:01 PM

315 جار خوێندراوەتەوە

ئاراس رواندزی
+ -

فێرگەکانی تۆپی پێ لە جیھاندا بە بەردی بناغەی پێشکەوتن و بنیاتنانی داھاتووێکی گەش ئەژمار دەکرێن، بەڵام لە کوردستانەکەی خۆمان دوور لەو ئامانجە بەشێکیان بۆ کاری بەدڕەوشتی قۆستویانەتەوەو لە جیاتی فێرکردن، فێڵ لەو پەپولانە دەکەن کە خەون بە دوارۆژێکی پڕشنگدار دەبینن.
مێژووی دامەزراندنی فێرگەکانی تۆپی پێ لە کوردستان زۆر دێرین نیە، دەتوانم بڵێم ئەو ١٠ ساڵەی دوایی لە شارو شارۆچکەکان سەریھەڵدا، زۆربەی ئەوانەی بەو کارەش ھەستاون وەرزشکاری دێرینن، تا ئێرە کارێکی پیرۆزو جێگای ستایش کردنە، چونکە بوونی بناغەیەکی پتەو، ئایندەیەکی باشت بۆ دەستەبەر دەکات، لێ کاتێک کارەکە لە چوارچێوەی وەرزش دەرچوو، یاخود لە پەنای کایەکەوە کاری بەدڕەوشتی و قێزەون ئەنجامدرا، پێویستە زۆر بە تووندی بڵێین ستۆپ و ھەڵوێست وەربگرین. 
لە ماوەی ھەفتەی رابردوو زۆر چیرۆک و بابەتی جیاواز لە بارەی ئەو کارە قێزەونانەی کە بەشێک لە سەرپەرشتیارانی فێرگەکان ئەنجامیانداوە، باسکرا، بەشی زۆریان لەبەر رەوشتی مرۆڤ و لێکەوتە کۆمەڵایەتیەکان ناکرێ لێرەدا بنووسرێ، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا گرنگ و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەپەلە بڕیاری لەبارەوە بدات، دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەتمەندە بۆ لێکۆڵینەوە لە تەواوی ئەو کەیسانەی ھەیە، ئینجا دوای کۆکردنەوەی بەڵگەو دۆکومێنتی دروست، پێویستە ئەو کەسانە بە پێی یاسا دادگایی بکرێن و ئەنجامەکەشی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت، تاکو ئەوانەی بەو کارە قێزەونە ھەستاون، ببنە پەندو جارێکی دیکە کەس بوێری ئەوەی نەبێت، نەک ئەو کارە ئەنجامبدات، بگرە بیریشی لێبکاتەوە. 
ساڵانێکە من تێبینی زۆرم لەسەر شێوازو چۆنیەتی کارکردنی فێرگەکان ھەیە، بەڵام ئەوەی بۆ من زۆر شۆکھێنەرو نەزانراو بوو، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی فێرگەیە کە زۆربەیان ھیچ مۆڵەتێکی فەرمیشان نیە! لە ماوەیی رابردوو لە نزیکەوە چاودێری چەند فێرگەیەکم کرد، بۆم دەرکەوت ئامانجی بەشێکیان پێگەیاندنی بەچکەشێران نیە، بەڵکو بەدەستھێنانی پارەو گەیشتنە بە حەزەکانیان، چونکە ھیچ جیاوازیەکم لەنێوان منداڵێکی بەھرەدارو جوانێکی بێ بەھرە نەبینی!
 لێرەدا من بە تەواوی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش بە کەمتەرخەم دەزانم، چونکە دەبوایە ھەموو ئەو فێرگانە لە ژێر چەتری ئەو بەڕێوبەرایەتیە بوایەو بە وردی چاودێری ئیش و کارو ئامانجەکانیان بکات، نەک بێ ئاگا بێ لەوەی چەند فێرگە لە کوردستان ھەیە! بەداخەوە ئێستا وایلێھاتووە ھەرچی رۆژێک شووتێکی لە تۆپ دابێت، فێرگەیەکی دامەزراندووە! باشە ئەو کارە بۆ وا بێ بەھا کراوە؟ ئاخر فێرگە مەرج و رێساو یاسای خۆی ھەیە، ناکرێ کەسێک ھیچ بڕوانامەیەکی لە پەرەردەکردن و فێرکردن و پێگەیاندنی یاریزانان نەبێت، کەچی دوور لە  بنەما ئەکادیمی و زانستیەکە سەرپەرشتی و راھێنەرایەتی پۆلێک لە منداڵان بکات! ئەو کارە نەک سوود، بگرە بۆ داھاتووی ئەو فێرخوازانە بە تایبەتی و بۆ تۆپی پێش بە گشتی، زیانی زیاترە. 
لە کۆتاییدا ھیوادارم ئەو بابەتە کە پەیوەستە بە ھەموو خێزانەکانی کۆمەڵگاکەمان و داھاتووی وەرزشیش بەھۆیەوە لە مەترسی و داروخاندایە، بەھۆی رکابەری حزبی و شەڕی قێزەونی شارەکان پەردەپۆش و بەلارێدا نەبردرێت، با لێگەڕێین یاسا سەروەر بێت و دادگاکان بڕیار بدەن، ھەروەھا بە پێویستی دەزانم بەڕێوبەرایەتی وەرزشیش رێکخستنەوەی تەواوی فێرگەکان بکاتە کاری لە پێشینەی و میکانیزمی سەردەمیانەو مەرجی زانستی بۆ بەفەرمی ناساندنیان دابنێ و لە نزیکیشەوە چاودێریان بکات.