چۆن یانەیەکی چەقبەستو دەرباز دەکەین؟

1/6/2021 3:05:26 PM

698 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

بۆچی "چەقبەست"وم لەم نوسینەمدا بۆھەندێک لە یانە بەکارھێنا؟ بێگوومان مەبەستم ئەو یانانەیە کە ڕەنگە لە زۆر شوێن و جێگەی ئەم ھەرێمە بوونیان ھەبێت، چەقبەستنەکەیان بەجۆرێکە کە گیرۆدەبوونیانە، بە کۆمەڵێک قەیران و ناھێڵن ھەم دەربازیان بێت لەو ئاستەی کە تێیدان و لەقۆناغێکدا گیردەخۆن، چەندین ساڵ گواستنەوەیان بۆقۆناغێکی نوێ و بەرزتر دوادەکەوێت، مەبەست لە "گواستنەوەی قۆناغ" ئەو گۆڕانکاریەیە کە یانەکە لە کاروانی وەرزشیدا پێی دەچێتە قۆناغێکی دی و نوێ.

 ئەم جۆرە یانانە بەتایبەت لەتۆپی پێدا لەخولێکدا پەکیان دەکەوێت و ھەموو ساڵێک بە ماندووبوونێکی زۆر و بە ھەوڵدانێکی زۆرەوە دیسان دەبێت ساڵێکی تر و سەرلەنوێ لە چاوەڕوانی دەربازبوونیاندا بن، تا خولێکی تر و لە ھەمان پلە و چاوەڕوان بۆ پلەیەکی بەرزتر، ھەمیشە لەناو ئەو پانتاییە داخراوەی کە تێیدا گیریان خواردووە دەسوڕێنەوە و، ماوەیەکی زۆر ھاندرەکانیشیان لەچاوەڕوانی سەرکەوتنیاندا ھێشتۆتەوە، ئەم چەقبەستوییەش دەکرێت لەچەند سەرنجێکدا بخەمەڕوو: ھەم لەشێوەی گیرخواردنیان، ھەم چۆنیەتی چارەسەرکردنیشیان، 
زۆر جار لەگەڵ ھەوڵدانێکی زۆریان بۆ سەرکەوتن ھەمووجارێک بە خاڵێکی لاوازی نوێ وە دیسان سەرکەوتن دەبێتە ژەھرێک و ھیوا و خەوی قوڵی ئەم یانانە و ھاندەرانیشیان دەزڕێنێ بۆ سەرکەوتن، ئەوەش ھێندە کۆسپ و تەگەرەکان ڕێگای دور و درێژیان لێ بەرتەسک دەکەنەوە، جاریواھەیە بە داھاتێکی زیاتریش ناتوانن لەقەیرانەکان دەربازیان بێت و ناتوانن سەرکەوتنەکانیان بکەنە ئەو ڕووناکیەی کە لە پشت کێوی قەیرانەکاندا گیری خواردووە و بیھێننە دەر و دڵ و ڕۆحی ھاندەرەکانیان پێ ڕووناک بکەنەوە.

ڕەنگە ھیچ گیرخواردنێک بێ ھۆ نەبێت، زۆر جار ئەم جۆرە یانانە ناتوانن  بڕە پارەی زۆر بۆ یاریزانی باش و بەتوانا دابین بکەن و  قورساییەکی گەورە لەسەر خۆیان دروست بکەن و، یان ئەوەتا ھێشتا ئەویانانەی لەسەر بنەمای سۆزی شار و یانەی دایک، ناتوانن یاریزانی دەرەوە بانگھێشت بکەن، ئەوەش زیانی گەورەی لێداون، جگە لەوەش ڕۆیشتنی یاریزانانی بەتوانا لەشارەکەی خۆیان، بۆ یانەی تر و بە داھات و موچەی باش ئەوەش ھۆیەکی ترە، ئەمەش ئەرکی ئەو یانانەی قورستر کردووە کە ناتوانن موچەی باش بۆ یاریزانی باش  ببڕنەوە و گرێبەستیان لەگەڵدا بکەن.

بۆیە دەکرێت تاوەکو لە قەیرانێکی گەورە کە چەند ساڵ گیرخواردنیانە لە پلەیەکدا،  بە چەند یاریزانێکی ئاست بەرز و بەمووچەی باش خۆیان ڕزگار بکەن، ئەگەر ئەوە یەکێک بێت لەکێشەکان، چارەسەرکردنی بە داھاتێکی باش ئاسانە.

کێشەیەکی تری ئەم یانانە ناتوانن بەدانانی بەرنامەیەکی تێروپڕ چەند یاریزانێکی لاو پەروەردە بکەن و بیانکەن بە پایەی گرنگ، تا سبەی ببن بەو پاڵەوانانەی کە یانەکە بەرەو سەرکەوتن ببەن، بەداخەوە ئەو چەندساڵەی کە ھەر یانەیەک لەقەیرانێکی لەم شێوەیەدابێت،  بەکۆمەڵێک یاریزانی دیاریکراو تێی دەپەڕێنێ و بەبێ ئەنجام، تاوەکو خێرا ناوی یانەکە لە پلەیەکی سەروتر ببینرێتەوە، ئەوە کارێکی بەپەلە پروزەی تێداھەیە و ھەر یانەیەک بێت بەوشێوەیە سەرکەوتوو نابێت.

ھەربۆیە دەکرێت لەلایەکی ترەوە ئەم جۆرە یانانە پەیوەندیەکی باش لەگەڵ فێرگەکانی تۆپی پێدا دروست بکەن، تا ھەمووساڵێک بتوانن کۆمەڵێک گرێبەستی باشیان لەگەڵدا بکەن و ھەر لەتەمەنی لاویەوە لەژێر دەستی ڕاھێنەری باش و بەتوانا، بەڕێگەی زانستی پەروەردەیان بکەن، تا بیانکەن بەبناغەی یانەکانیان و لە ماوەی چەند ساڵێکدا گۆڕانکاری گەورە لە توانا و ئاستی خۆیاندا بکەن و سەرکەوتن لە پلەیەکەوە بۆ پلەیەکی دی مسۆگەر بکەن.

بەداخەوە ھەندێک جار کەم و کورتیەکان ھێندە زۆرن، بەشێوازێک تەنگیان بەو جۆرە یانانە ھەڵچنیوە کە ئەوەندەی لەتوانادا بێت، کارەکان چڕدەکرێنەوە بۆ کۆتایی پێھێنانی قەیرانێک، بەڵام لەدواجار کێشەی تر و قەیرانی تر دەبێتەوە بەربەستێکی نوێ و ھیوای ئەم جۆرە یانانە دەخاتەوە ژێر گڵ.

زۆرینەی جار بەداخەوە.. ڕاھێنەر لە ھەر شکستێکدا دەکرێتە خەتاکاری یەکەم و بەو بیانوەوە، دەکرێتە ئامانج بۆ دەرکردن و دورخستنەوەی،  من پێموایە  دەکرێت ھۆکاری قەیرانەکان بەگشتی لەبەرچاو بگیرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن، لەدوای ئەوەی کە ھیچ کێشەیەک لەم جۆرە یانانەدا بوونی نەما، ھەر لە نەبوونی یاریزانی باش و کەمی موچە و پێداویستی  و درەنگ کەوتنەخۆ بۆ ئامادەکاری مەشق و ڕاھێنانەکان، ئینجا ئەگەر خەتاکار ڕاھێنەر بوو، دەتوانرێت دوربخرێتەوە و ڕاھێنەرێکی دی ئەرکەکان بگرێتە ئەستۆ. 

جیاواز لەمانە، مەرج نیە ئەو یانانەی کە تیپی تۆپی پێیەکەیان لە خولی نایاب نەبوو، دڵیان بەھیچ یاریەکی تری بواری وەرزش خۆش نەمێنێ جگە لە تۆپی پێ، بگرە کاتێک چەند ساڵێک گیرۆدەی سەرکەوتنی  تیپی تۆپی پێیەکەیان دەبن و ئامانجەکانیان نایەنە دی، ئەو چەند ساڵەش گرنگی بە یاریەکانی تر بدەن، لەوانەیە ئەم جۆرە یانانە سەرەڕای ھەبوونی تیپێکی لاوازی تۆپی پێ، چەند تیپێکی تریان بۆ دروست بێت، لە یاریە جیاجیاکانی بواری وەرزش  بەئاستێکی بەرزەوە، ئەوەش ناوی ئەم جۆرە یانانە بەرچاوتر و  قورسایشیان زیاتر دەکات لەناو وەرزشی کوردستاندا.