هەڵبژاردەی ئینگلیز لەگواردیۆلادا بچوک مەکەنەوە

7/8/2018 6:02:34 PM

1452 جار خوێندراوەتەوە

سەلام عەلی
+ -

گواردیولا ئەو ڕاهێنەرەیە لەدوای ڕۆشتنی لەیانەی بارسێلۆناوە تا ئەم ساتە شکستی هێناوە لەسەر ئاستی کیشوەری،لەڕووی بەدەستهێنانی ناسناوەوە،بەڵام نابێت تواناکانی گواردیولا لەفۆرم و تکتیکی تۆپی پێدا وەلا بنێیت،گواردیولا باشترین قوتابی قوتابخانەکەی کرۆیفەو ئێستا لەسەرخۆ وەک مارسیلۆ بێڵسای مەزن خەریکی دامەزراندنی قوتابخانەیەکی تکتیکی تۆپی پێی مۆدێرنە کەلەداهاتودا دڵنیام چەندین ڕاهێنەری تازە دەرکەوتو دەتوانن سود لەتواناکانی پێپ وەرگرن،کەواتە گواردیولاش وەک بێڵسایە کەیاری جوان پاشان دەست بەسەردا گرتنی تۆپ پاشان ئەنجام و ناسناو،بەڵام بێڵسا هێندە گرنگی بەفەلسەو شێوازی یاریکردنی خۆی دەدات نیو هێندە پەرە بەبەدەستهێنانی ناسناو نادات.

بابەتەکە لێرەوە دەست پێدەکات،زۆر جار بەرگوێمان کەوتوە کەوا گواردیولا لەهەر کوێبێت ناسناوی مۆندیال لەو وڵاتەیە کەگواردیولا کاری ڕاهێنەرایەتی دەکات لەیەکێک لەیانەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە،با لەهەڵبژاردەی ماتادۆرەکانەوە دەست پێبکەین،کەمۆندیالی باشوری ئەفریقایان بەدەستهێنا،منیش وەک زۆرینە هاوڕام لەسەر ئەوەی ئەم ڕاهێنەرە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لەبەدەستهێنانی مۆندیالی ۲۰۱۰و یۆرۆی هاوبەشی پۆڵنداو ئۆکرانیای ۲۰۱۲،بەڵام نابێت یۆرۆی ۲۰۰۸ی لویس ئاراگۆنیس مان بیربچێت کەبەدەستی هێنا لەکاتێکدا تەنها سێ یاریزانی بارسێلۆنای تێدابوو،پاشان ناکرێت لەڕۆڵی سەرەکی دیل بۆسکی کەم بکرێتەوە کەدوو ساڵ پێش‌ مۆندیال دەست بەکاربوو لەگەڵ هەڵبژاردەی اسپانیا.

ئینجا بەدەستهێنانی مۆندیالی ریودی جانیرۆی ئەڵمانیا پەیوەست دەکەن بەگواردیولاوە لەکاتێکدا یواکیم لۆف لە۲۰۰٤ یاریدەدەری کلینزمان بووە تادوای مۆندیالی خاکی ئەڵمانیای ۲۰۰٦،ئاساییە گەر لەبەدەستهێنانی مۆندیالی ۲۰۱٤ی برازیلیش کەئەڵمانیەکان بون بەپاڵەوان بەشێوەیەکی ڕێژەیی کاریگەری گواردیولا هەبووە بەسەر هەڵبژاردەکەوە،لەبەرئەوەی حەوت یاریزانی بایرن لەخزمەت هەڵبژاردەکەیا بووە،وەک وتم کاریگەریەکەی بەبەراورد بەهەڵبژاردەی اسپانیا زۆر کەمەو بگرە نسبیە.

ئێستا زۆرینەی دەنگۆیەکان لەسەر مۆندیالی ڕوسیایە کە هەڵبژاردەی ئنگلیز دوو هەنگاو لە جامەکەوە دورە،دیسان کاریگەری گواردیولایان چەسپاندوە،بەسەر هەڵبژاردەکەیا،کەتەواو پێچەوانەی واقعە و ناگونجێت و ناکرێت ڕۆڵی ساوثگیت و ستیف هۆلاند سەربازە ونەکەی تۆپی پێ کەهەمان سیفاتەکانی خوانما لیۆی تێدایە ئەوە باسێکە لەکاتێکی تردا ئەنوسم لەسەری،بەهەرحاڵ گەر دیقەتی هەڵبژاردەی سێ شێرەکە بدەین،ئەوا ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە ڕەنگە ڕاوێژی لەگەڵ گواردیولا کردبێت،بەڵام هەرگیز نیو هێندەی ماوریسو پۆچەتینۆ و ئەنتۆنیۆ کۆنتی ایتالی سودی بە ساوثگیت و هەڵبژاردەکە نەگەیاندوە،چونکە وێنەی تکتیکی هەڵبژاردەکە تەواو پێچەوانەی فکری گواردیولاو هەڵقوڵاوی ناخی ماوریسۆ و کۆنتیە،کە(۳-٥-۲)ەوەو بگرە کۆنتی توانی لەدەست بەکاربونیدا خولی پریمەرلیگ بۆ یانەی بلوز بەدەست بهێنێت،ئەکرێ بڵێین هەڵبژاردەکە سود لەستۆنز و واڵکەر بینیوەو ستێرلینگیش یاریزانێکی وێرانە،گواردیولاو مۆرینۆ و کلۆپ و مارکۆسیلڤا و کلود بویل....هتد،بەشێوەیەکی ڕێژەیی سودیان بەهەڵبژاردەکە گەیاندوە،بەڵام گومان لەوەدا نیە،سودی پۆچەتینۆ و کۆنتی سێ هێندەی ئەو ڕاهێنەرانەیە کەباسم کردوون.