2019-12-10
7514 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ڕامۆس پێشنیازدەکات تۆپێکى ئاڵتون تەنیا بۆ میسى و ڕۆناڵدۆ درووستبکرێت و تۆپێکیش بۆ یاریزانەکانى تر کێبڕکێى لەسەربکەن.
سێرجیۆ ڕامۆسى کاپتنى یانەى ڕیاڵ مەدرید لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەى (TUDN)، کە ئیڤان زامۆرانۆى چیللى یاریزانى پێشووى ڕیاڵ مەدرید پێشکەشى دەکات، باس لە خەڵاتى تۆپى ئاڵتون و گەڕانەوەى زیدان و داهاتووى خۆى وەک یاریزان دەکات.
ئەمەش بەشێکى چاوپێکەوتنەکەیە:
ڕامۆس: دەتوان تۆپێکى ئاڵتون تەنیا بۆ میسى و ڕۆناڵدۆ درووستبکەن و تۆپێکى تریش بۆ یاریزانەکانى تر، لە کۆتاییدا ئەمە باشترە بۆ تۆپى پێ.
ڕامۆس: گۆڵەکەم لە یارى کۆتایى چامپیۆنز لیگ لە شارى لشبۆنە باشترین یادگارییە لە خولەکەدا لە ساڵانى ڕابردوودا لەسەر ئاستى تاکەکەسى و یانەکەشم، کە مێژووى گۆڕى، لەبەرئەوەى توانیمان بۆ سێیەم جار لەسەریەک نازناوەکە بەدەستبهێنین.
ڕامۆس: نازناوەکانى چامپیۆنز لیگ کە بەدەستمهێناون وەک منداڵەکانم وان، ناتوانم بڵێم کامەیانم زیاتر خۆشدەوێت.
ڕامۆس: لە بارەى یارى کلاسیکۆى نێوان بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید لە ١٨ى ئەم مانگەدا؟ هەردوو یانە بە ماوەیەکى باشدا تێدەپەڕن، کاتێکیش ڕکابەرەکەت لە ئاستێکى بەرزدا بێت، ئەوە زیاتر پەرۆشیمان پێدەدات بۆ بردنەوە، ئەو یارییە زۆر جیاوازە و هیوامان هەیە سەرکەوتن بەدەستبهێنین و پێشەنگى ڕیزبەندى خولى ئیسپانیا وەربگرین.
ڕامۆس: لە بارەى جێگرەوەم لە ڕیاڵ مەدریددا؟ بەراوردکردن هەرگیز باش نییە، ڕیاڵ مەدرید ئەکادیمیایەکى زۆر باشى هەیە، پێویستە گرنگى بە یاریزانەکان بدرێت لەوێدا و بناغەیە بۆ تیپى یەکەم، هەروەها یاریزانى باشیش هەیە و ڕیاڵ دەتوانێت گرێبەستیان لەگەڵدا بکات، ماتیاس دى لیخت بەرگریکارێکە داهاتوویەکى گەورەى دەبێت و پێویستى بە شارەزاییە، بەڵام یاریزانێکە بۆ داهاتوو.
ڕامۆس: لە بارەى زیدانەوە؟ ڕاهێنەرێکى زۆر گەورەیە، نرخى ڕیاڵ مەدرید دەزانێت، لەگەڵیدا نازناوى گەورەمان بەدەستهێناوە و دەزانێت یانەکە چى پێویستە بۆ بردنەوەى پاڵەوانێتییەکان.
ڕامۆس: لە بارەى گەڕانەوەى زیدان بۆ جارى دووەم؟ بڕیارێکى زۆر ئازایانەى دا بە گەڕانەوەى بۆ ڕیاڵ و زۆر دڵخۆشین لەگەڵیدا.
ڕامۆس: لە بارەى داهاتوومەوە وەک یاریزان؟ یارى دەکەم تا ئەو کاتەى گڕوتینم خامۆشدەبێت، بەڵام خولیام بۆ تۆپى پێ هەر توند دەبێت.
گ . ف