نوێترین چاوپێکەوتنى لیۆنێل میسى ئەرجەنتینى

نوێترین چاوپێکەوتنى لیۆنێل میسى ئەرجەنتینى
2019-10-27

7438 جار خوێندراوەتەوە

+ -

میسى نایەوێت بەرشەلۆنە بەجێبهێڵێت بەڵام خەونى یاریکردنیشى بۆ نیوڵز ئۆڵد بۆیز هەیە و ڕۆناڵدینۆش بە باشترین هاوبەش و ڕۆناڵدۆى دیاردەش بە باشترین هێرشبەر دەزانێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕى تى واى سى سپۆرتى ئەرجەنتینى، لیۆنێل میسى کاپتنى بەرشەلۆنە ئاماژە بەوە دەکات، هێشتا خەونى یاریکردنى لە ئەرجەنتیندا بۆ یانەى نیوڵز ئۆڵد بۆیز هەیە، بەڵام پێش بەدیهێنانى خەونەکەى پێویستە خێزانەکەى ڕازى بکات و دەڵێت "نازانم ئەو خەونەم دێتە دى یان نا، چونکە من خێزانم هەیە و بڕیارى ئەوان لە سەرووى ئارەزووەکانمەوەیە، ئێستاش لە شوێنێکدام هەموو شتێکى پێبەخشیوم، بەڵام هەوڵ دەدەم خێزانەکەم ڕازیبکەم".

میسى ئاشکرایدەکات، ڕۆناڵدینیۆى بەڕازیلى باشترین هاوکاربووە لە تەنیشتیدا یاریکردبێت و وایلێکردووە هەست بە ئاسودەیى بکات و لە بارەى باشترین یاریزانیشەوە دەڵێت "بەلاى منەوە ڕۆناڵدۆى بەڕازیلى باشترینە لە نێوان هەموو ئەو هێرشبەرانەى کە بینیومن یارییانکردبێت".

میسى بۆ یەکەم جار ئاشکرایدەکات، پێیخۆشە یەدەگ بێت و چەند خولەکێک لە تایمى دووەمدا بەشداریبکات، نەک لەوەى لە تایمى دووەمدا دابنیشێندرێت و لەم بارەیەشەوە دەڵێت "چونکە بەشێک لە یارییەکان لە بەشى کۆتاییدا یەکلاییدەبنەوە، هەروەها ماوەى زیاتر بۆ یاریکردن دەدۆزیتەوە، لەبەرئەوەى رکابەرەکانت توشى هیلاکى بوون لە بەشى کۆتایى یارییەکەدا".

 

زۆربەى قسەکانى میسى لە چاوپێکەوتنەکەدا:

میسى: یاریکردن لە نیوڵز ئۆڵد بۆیز؟ هەردەم دەڵێم کە من نامەوێت بەرشەلۆنە بەجێبهێڵم، بەڵام خەونى ئەوەشم هەیە لە نیوڵزدا یارى بکەم، کە لە منداڵییەوە ئەو خەونەم هەیە، نازانم ئەو خەونەم دێتە دى یان نا، چونکە من خێزانم هەیە و بڕیارى ئەوان لە سەرووى ئارەزووەکانمەوەیە، سێ مناڵم هەیە و ئێستاش لە شوێنێکدام هەموو شتێکى پێبەخشیوم، ئەبێت هێمنبم و داهاتوویەکى زۆر باش بە خێزانەکەم ببەخشم، زیاتر بیر لە کارەکانى خێزانەکەم دەکەمەوە لە چاو خەونەکەمدا، بەڵام هەوڵ دەدەم خێزانەکەم ڕازیبکەم، لەبەرئەوەى ئەمڕۆ پێویستە لەسەرمان منداڵەکانیش ڕازى بکەین، تیاگۆ هاوڕێى هەیە، کاتێک لە ئەرجەنتین دەبین داوا دەکات بگەڕێتەوە بۆ لاى هاوڕێکانى، ئەمەش وایکردووە شتەکان زیاتر قورسبن.

میسى: باشترین هاوبەشم لە یاریگادا؟ ڕۆناڵدینیۆ هەردەم سەرنجى ڕادەکێشام و وایلێدەکردم هەست بە ئاسودەیى بکەم و مەسافەیەکى تایبەت بەخۆمى پێدەبەخشیم، چوونە ناو ژوورى جلگۆڕینى بەرشەلۆنە لە ١٦ ساڵیدا و بینینى ئەو ئەستێرانە لەو کاتەدا شتێکى ئاڵۆزبوو، ڕۆناڵدینیۆم زۆر خۆشدەویست لە یاریگادا و هەردەم بەدوایدا دەگەڕام، بەڵام کاتێکى زۆر کەم پێکەوە یارینانکرد، هیواداربووم ئەو ماوەیە زۆر زیاتر بوایە.

میسى: بەڵام لویس سوارێز پێنج ساڵە لە تەنیشتییەوە یارى دەکەم، ژمارەیەکى زۆر یاریمان پێکەوە کردووە، تێگەیشتنمان لە یەکتر لە دڵەوەیە.

میسى: باشترین یاریزان لە یاریگاکاندا بینیبێتم؟ ڕۆناڵدۆى بەڕازیلى بوو، بەلاى منەوە ئەو باشترینە لە نێوان هەموو ئەو هێرشبەرانەى بینیومن یارییان کردووە، هەر زۆر باشبوو.

میسى: پێمخۆشە بە یەدەگى و چەند خولەکێک بەشدارى یارى بکەم نەک لەسەرەتاوە یارى بکەم و دواتر دابنیشێندرێم، لەبەرئەوەى بەشێک لە یارییەکان لە بەشى کۆتاییدا یەکلاییدەبنەوە، هەروەها ماوەى زیاتر بۆ یاریکردن دەدۆزیتەوە لەبەرئەوەى رکابەرەکانت توشى هیلاکى بوون.

میسى: هێشتا پێموایە گۆڵکارێکى نمونەیى نیم، بەڵام پێمخۆشە بگەڕێمەوە دواوە و تۆپ وەرگرم بۆ درووستکردنى هەل و گۆڵ کردن، بەڵام ناژیم بۆ تۆمارکردنى گۆڵ، پێمخۆشە لەو ناوچەیەدابم کە کۆنتڕۆڵى تۆپى تێدایە و گەر ماوەیەکى زۆر دووربم لە تۆپەوە وەک ئەوە وایە لە دەرەوەى یارییەکەدابم.

میسى: ئێستا زیاتر بیر لە خوێندنەوەى یارییەکان دەکەمەوە و چاوەڕێى ساتى گونجاو دەکەم بۆ یەکلاکردنەوەیان و هەروەها بڕیاردان لەسەر ئەوەى لە چ کات و لە چ شوێنێکدا پێویستە بجوڵێم.

 

گ . ف