2019-09-12
20663 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی دوپاتیکردەوە کە ئەو داواى کرینی نەیماری نەکردوەو تەئکیدی لەسەر ئەوەش کردەوە کە خەونی ئەوەیە لە بەرشەلۆنە واز لە یاریکردن بهێنێت.
لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ رۆژنامەى سپۆرتی ئیسپانی، لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی باسی چەند پرسێکی جیاوازی کرد.
میسی دوپاتیکردەوە کە ئەو هەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە کە بەرشەلۆنە جیبهێڵێت.
سەرجەم وتەکانی میسی لە چاوپێکەوتنەکەدا
میسی: ئەوەى ئەمەوێت بیلێم ئەوەیە کە من لە بەرشەلۆنە دەمێنمەوەو ئامانجیشم ئەوەیە لە بەرشەلۆنە واز بهێنم، چونکە ئێرە ماڵی منە، نامەوێ گرێبەستێکی درێژم هەبێت چونکە من ئەمەوێت تواناى جەستەییم زۆر باش بێت و بتوانم بەشداری بکەم
میسی:دەمەوێت لێرە لە بردنەوە و بەدەستهێنانی نازناو بەردەوام بم، بە راى من پارەو مەرج هیچ شتێک نین، گرنگترین شت ئەوەیە پرۆژەیەکی براوەمان هەبێت
میسی: بیرۆکەى من ئەوەیە کە لە بەرشەلۆنە بەردەوام بم تا ئەوکاتەى جەستەم رێگە دەدات، شێوازی گرێبەستەکە بەلای منەوە کێشە نیە
میسی: باوکم قسە لەگەڵ سەرۆک دەکات ، من پەیوەندیم بە گرێبەستەکەمەوە نیە، نامەوێت بچمە هیچ شوێنێک و دەمەوێت لێرە بردنەوەى تر بەدەست بهێنم
میسی: باوکم کاروباری گرێبەستەکەم بەڕێدەکات
میسی: سەرەتامان لەخولی ئیسپانیا خراپ بوو، بەرامبەر بلباو یارییەکی قورسمان کرد و پێکانیش هۆکاری شکستەکە بوو
میسی: لەسەرەتاى وەرز هەموو جارێ هەمان قسە ئەکەین، دەمانەوێت هەموو نازناوەکان بەدەست بهێنین، بە دڵنیایشەوە دەمانەوێت چامپیۆنز لیگ ببەینەوە
میسی: لەسەر ئاستی تاک دەمەوێت سەرجەم نازناوەکان بەدەست بهێنم بەتایبەت چامپیۆنز لیگ
میسی: یانەکان بە گشتی ریزەکانیان رێکخستۆتەوە، ریاڵ مەدرید و ئەتلەتیکۆ ئامادەکاری باشی کردوە
میسی: لەدەرەوەى ئیسپانیاش یانەکانی مان سیتی و یۆڤانتۆس گرێبەستی گەورە و زۆریان ئەنجامداوەو ئەمساڵ چامپیۆنز لیگ یانەکانی هاوسەنگن
میسی: شکستێکی گەورە لە ئانفێڵد توشمان بوو، لەروی دەرونیەوەتوشی دڵەراوکێی زۆری کردین.
میسی: بۆ بردنەوەى چامپیۆنز لیگ دەبێت بتوانیت لەدەرەوەى یاریگاى خۆت گۆڵ بکەیت،پێشتر ئێمە دەمانتوانی وا بکەین بەڵام ئێستا توشی ئاستەنگی دەبین.
میسی: وەرزی رابردوو تیپێکی باشمان هەبوو، ئەم وەرزەش دوو یاریزانی گرنگ هاتونەتە ریزەکانمانەوە، چاوەرێ دەکەین بزانین باشن بۆ ئێمە یاخود نا
میسی: دەمویست نەیمار بگەرێتەوە، ئەزانم هەندێ کەس دژی ئەوە بوو، ئەوەش ئاساییە
میسی: بەراى من نەیمار یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان و بە دڵنیایەوە بە بونی ئەو تیپەکەمان بەهێزتر دەبوو، حەزم دەکرد بگەرایەتەوە
میسی: لەراستیدا نازانم ئیدارەى بەرشەلۆنە گفتوگۆکانی چۆن بوە لەگەڵ پاریس و نازانم کەبە گرنگییەوە ویستیانە بیگەرێننەوە یاخود نا
میسی: بە دڵنیاییەوە گفتوگۆ کردن لەگەڵ پاریس بۆ دەستبەرداربون لە نەیمار ئاسان نیەو ئەوانیش نایانەوێت یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان بفرۆشن، من هەموو وردەکارییەکان نازانم، هەموو شتەکانیش روون نین.
میسی:پاش نەگەرانەوەى، نەمتوانی قسەى لەگەل بکەم من سەرقاڵی چارەسەر کردنی پێکانەکەم، بەڵام دڵنیام کە نەیمار دەیویست بگەرێتەوە بۆ بەرشەلۆنە.
میسی: تەنها رای خۆمان دەربری لەسەر ئەوەى وتیان کە نەیمار دەیەوێت بگەرێتەوە، من بەهیچ شێوەیەک داوام نەکردوە نەیمار بکڕن یان بیگەرێننەوە، تەنها را و بۆچونی خۆمان دەربریوە کە پرسیاریان کردوە
میسی: هەروەک چۆن رای خۆشم لە کرینی گریزمان دەربری و بۆ زۆر یاریزانی تریش هەمان قسەم کردوە
میسی: هەست بە بێ ئومێدی ئەکەم کە نەیمار نەهات، حەزم دەکرد جارێکی تر پێکەوە یاریمان بکردایە.
میسی: بەڕێوەبەری هونەری یانەکە پێگەیەکی گرنگەو بە دڵنیاییەوە پۆیۆل کەسایەتییەکی گەورە و بەهێزی هەیە و دەتوانێت ئەو پۆستە وەرگرێت.
میسی: کەم گریزمانم بینیوە، لەوەتەى ئەو هاتوە من پێکانم هەیە و بەتەنها راهێنان دەکەم و نەچومەتە راهێنانە بەکۆمەڵەکانەوە
میسی: لە یارییەکەى لیڤەرپوڵی وەرزی رابردوو هەڵەکە یاریزانەکان بون نەک ڤالڤێردی راهێنەر
میسی: وەرزی رابردوو تا پێش یارییەکەى ئانفێڵد وەرزێکی نمونەییمان هەبوو.
میسی: کاتی پێکانەکانم دەمەوێت لەگەڵ منداڵەکانم بەسەر بەرم
میسی: من وا دڵخۆشم کە لەناو یاریگادا بم، نامەوێت لەدەرەوە سەیریان بکەم
میسی: لەیارییەکەى بیتس ڤیدیۆیەک بڵاوبۆتەوە کە ماتیۆ وا ئەزانی بەرشەلۆنە گۆڵ دەکات و ئاهەنگ دەگیرێت تا پێمان وت گۆڵ نیە، نەک وەک ئەوەى باسکرا کە هاندەری بیتسە.
میسی: ئەنتۆنێلا بۆ من هەموو شتێکە، لە تەنیشت منەوە زۆرسودی هەبوە، لەتەمەنی حەوت ساڵییەوە یەکتر دەناسین، دەزانێت چۆن مەزاجی من دەگۆرێت بەتایبەت لە کاتە خراپەکاندا، هەمیشە ئەو لە مەزاجێکی باشدایە
میسی: مردنی منداڵەکەى ئینریکی زۆر ناخۆش بوو، ئێمە هەمومان خێزانمان هەیە و ئەزانین ئەوان چی ناخۆشییەکیان چەشتوە.
میسی: دیمبلی توانایەکی لە رادەبەدەری هەیە، بەڵام کێشەى ئەوەى هەیە کە پێکان رێگری لێدەکات
میسی: هیچ کێشەیەکم نیە بۆ نان خواردن لەگەڵ رۆناڵدۆ، ئێمە هاورێ نین و پێکەوە لە یەک ژوری خۆگۆرین نەبوین، تەنها لە ئاهەنگەکاندا یەکتر دەبینین.
میسی: هێشتا هیلاک نیم، کاتم زۆر ماوە، دڵخۆشم کە لیۆنێل میسیم، هەندێ جار دەمەوێت بچمە قوتابخانەى کورەکانم، بێ ئەوەى من ببینێت، بەڵام دواتر ئەڵێم ئەگەر منیشیان بینی کێشەم نیە
میسی: من ئێستا بە تەنها راهێنان دەکەم و کاتی گەرانەوەم دیار نیە، بە دلنیاییەوە بەرامبەر ڤالانسیا یاریی ناکەم، بزانم ئەتوانم بۆ یاریی دۆرتمۆند بگەرێمەوە
میسی: بیرۆکەکەم ئەوەیە لێرە بەردەوام بم تا جەستەم رێگەم پێدەدات و گریبەست هیچ شتێک نیە لایە من، ئەوە ئیشی باوکمە و من حەزم بە یاریکردن لە بەرشەلۆنە