2020-10-27
2315 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بارتۆمیۆ پێیوایە بە چەند نازناوێکەوە کۆتایى بەم وەرزە دەهێنن و ڕەتیشى دەکاتەوە یەک یۆرۆ درابێت بە سایتەکان بۆ ڕەخنەگرتن لە یاریزانەکان.
لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا، جۆسێپ بارتۆمیۆى سەرۆکى بەرشەلۆنە ئاماژەى بەوە کرد، کە چەند نازناوێکى تر لەگەڵ لیۆنێل میسى کاپتنى یانەکەی بەدەستدەهێنن و پێشیوایە ئەم وەرزە بە بردنەوەى چەند نازناوێک کۆتایى پێدەهێنن.
بارتۆمیۆ دەڵێت "هیوادارم میسى لە چەند مانگى داهاتوودا مانەوەى خۆى لە بەرشەلۆنەدا ڕابگەیەنێت و گرێبەستەکەى نوێبکاتەوە، لە کارە سەرەکیەکانیشمان بەردەوامبوونى میسییە لە پرۆژە نوێکەماندا".
لەسەر لێدوانەکانى جیرارد پیکێ بەرامبەر یانەکەى، بارتۆمیۆ دووپاتیدەکاتەوە، کە یەک یۆرۆ نەدراوە بە هیچ سایتێک بۆ ڕەخنەگرتن لە یاریزانەکان و دەڵێت "ئەمەم بۆ جیرارد پیکێ ڕوونکردووەتەوە، کە ئەو یەکێکە لە کاپتنەکانمان و دڵخۆشیشم بە نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى لەگەڵماندا".
بارتۆمیۆ ئاشکرایکرد، هەرگیز بیرى لە وازهێنان نەکردووەتەوە، پێیوایە ئەو یەکەم سەرۆکە زۆرترین نازناوى بەدەستهێنابێت، لەبارەى کلاسیکۆش باس لەوە دەکات، لێدانە سزاکە ڕێڕەوى یارییەکەى گۆڕیوە و دەڵێت "بەڵگەى دەنگی نێوان ناوبژیوانەکانمان لەبەردەستدایە، کە حاڵەتەکە فاوڵە پێش هەژمارکردنى لێدانە سزاکەى ڕیاڵ مەدرید و لێکۆڵینەوەى لەسەردەکەین".
بەشێک لە قسەکانى بارتۆمیۆ لە چاوپێکەوتنەکەدا:
٭ ڕێزی داواکەیان نەگرتین بە دواخستنی دەنگدان لەسەر سەندنەوەی متمانە.
٭ داوامان لە حکومەتی کەتەلۆنیا کرد دەنگدانەکە لە 15 و 16ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەڵام وتیان نابێت.
٭ لە تەمووزی ڕابردووەوە بژاردەی کەمکردنەوەی موچەمان خستووەتە بەردەمی هەموو یاریزانەکان، لەگەڵ هەندێک لە یاریزانەکان ڕێککەوتووین سوپاسیان دەکەین.
٭ بەدڵنیاییەوە کۆرۆنا کاریگەری لەسەر 2021یش دەبێت و کەمکردنەوەی موچەش یەکێک دەبێت لە کارە سەرەکییەکانمان.
٭ کومان ئەفسانەی بەرشەلۆنەیە و کەسایەتییەکی وای هەیە ڕووبەڕووی یاریزانەکان ببێتەوە، دووبارە سوپاسی دەکەم بۆ قبوڵکردنی ڕاهێنەرایەتی یانەکەمان لەم دۆخەدا.
٭ میسی گرێبەستەکەی بەردەوامە و بژاردەی ڕۆیشتنی کەوت، لە کارە لەپێشینەکانی یانەکەمان بەردەوامی میسییە لە پرۆژە نوێکەدا.
٭ هەموو بڕیارەکان بە کۆدەنگی دراون، ئێمە هیچ بڕیارێکمان نەداوە مەگەر کۆدەنگبووبین لەسەری.
٭ هەرگیز بیرم لە وازهێنان نەکردووەتەوە.
٭ پێموایە چەند نازناوێک بەدەست دەهێنینەوە لەگەڵ میسیدا، دڵنیام ئەم وەرزە بە چەند نازناوێک کۆتایی پێدەهێنین.
٭ لێدانە سزاکە درووست نەبوو، ڕێڕەوی کلاسیکۆی گۆڕی.
٭ بەیانی لەگەڵ حکومەت کۆدەبینەوە بۆ دیاریکردنی کاتی دەنگدان.
٭ پێموایە من سەرۆکێکم کە زۆرترین نازناوم بەدەستهێناوە لە بەشەلۆنەدا.
٭ هیوادارم میسی لە چەند مانگی داهاتوودا مانەوەی لە بەرشەلۆنە ڕابگەیەنێت و گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
٭ پیکێم خۆشدەوێت و لەسەر قسەکانی دووپاتیدەکەمەوە، کە یەک یۆرۆ نەدراوە بە هیچ سایتێک بۆ ڕەخنەگرتن لە یاریزانەکان، ئەوە ڕاست نییە و ئەوەشم بۆ پیکێ ڕوونکردووەتەوە، ئەو یەکێک لە کاپتنەکانمانە و دڵخۆشم بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵماندا.
٭ بەڵگەی دەنگیمان هەیە کە لە کلاسیکۆدا ناوبژیوانی هێڵ بە ناوبژیوانی سەرەکی دەڵێت فاوڵێک هەیە پێش هەژمارکردنی لێدانە سزاکەی ڕیاڵ مەدرید، بەڵام ناوبژیوان پشتگوێی دەخات، لێکۆڵینەوە لەو حاڵەتە دەکەین، چی پێویست بێت بۆ یانەکەمانی دەکەین.
گ . ف
