2020-07-07
4752 جار خوێندراوەتەوە
+
-
سەرۆکى بەرشەلۆنە پێیوایە لیۆنێل میسی لە یانەکەیدا دەمێنێتەوە و خۆشى هەرگیز بیرى لە دەستلەکارکێشانەوە نەکردووەتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکى ڕادیۆییدا، جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆى سەرۆکى بەرشەلۆنە ئاماژەى بەوە کرد، خۆى و یانەکەشى پاڵپشتى لە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى ڤار دەکەن، بەڵام پێیوایە لە دواى ڕاگیرانى یارییەکانەوە دادپەروەرانە نەماوە.
بارتۆمیۆ باس لەوە دەکات، هیچ گەندەڵییەک و دۆسیەیەکى ناوزڕاندنى یاریزانان لە ئارادا نییە و سەلماندوشیانە کە ئەو باسە ڕاست نییە، هەرگیزیش بیرى لە دەستلەکارکێشانەوە نەکردووەتەوە.
بارتۆمیۆ لە بارەى داهاتووى میسى کاپتنى یانەکەى دەڵێت "من دڵنیام میسى لە بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە و پێشتریش وتوویەتى لێرە واز لە یاریکردن دەهێنێت و منیش دڵنیام هەر وادەکات".
بارتۆمیۆ باس لە پۆستى ڕاهێنەرایەتى یانەکەى دەکات و دەڵێت "لە دوورخستنەوەى ڤاڵڤێردى پەشیمان نیم، ئەو کات پێویستمان بە گۆڕانکارى بوو، کیکى سێتینیش بیرکردنەوەى نوێى هێناوە و بەردەوامیش دەبێت".
سەرۆکى یانە کەتەلۆنیەکە لەسەر پرۆسەکەى نیمار ئاماژە بەوە دەکات، کارەکە گونجاو نییە، لەبەرئەوەى هەموو یانەکانى ئەوروپا لە دۆخێکى قورسدان.
گ . ف
زۆربەى قسەکانى بارتۆمیۆ لە چاوپێکەوتنەکەدا:
بارتۆمیۆ: هەرگیز بیرم لە دەستلەکارکێشانەوە نەکردووەتەوە و بەڵکو بەپێچەوانەوە ئێستا کاتى کارکردنى جدییە.
بارتۆمیۆ: هیچ گەندەڵییەک و دۆسیەیەکى ناوزڕاندنى یاریزانان لە ئارادا نییە و سەلماندیشمان کە ئەو باسە ڕاست نییە.
بارتۆمیۆ: پرۆسەکەى نیمار گونجاو نییە لەبەرئەوەى هەموو یانەکانى ئەوروپا لە دۆخێکى قورسدان.
بارتۆمیۆ: هیچ کەسێک دەستى نەخستووەتە خەزێنەى یانەکەوە، هەر لەبەرئەوەش داواى یاساییمان لەسەر ئیمیلى ڕوسود تۆمارکردووە.
بارتۆمیۆ: گۆڕانکارى لە کارگێڕى یانەکەدا؟ پێویست بوو گۆڕانکارى بکرێت، پێویست بوو بە ئازایانە بڕیارەکان بدەم.
بارتۆمیۆ: من و یانەکەشم بە توندى پاڵپشتى لە ڤار دەکەین، بەڵام لە دواى ڕاگیرانى یارییەکانەوە دادپەروەرانە نەماوە.
بارتۆمیۆ: من لەسەر دوورخستنەوەى ڤاڵڤێردى ڕاهێنەر پەشیمان نیم، ئەو کات پێویستمان بە گۆڕانکارى بوو، کیکى سێتینیش بیرکردنەوەى نوێى هێناوە و بەردەوامیش دەبێت.
بارتۆمیۆ: من بە بەرەوپێشچوونى تیپەکەمان دڵخۆشم، لەگەڵ بوونى کێشەکاندا، بەڵام وێنەیەکى نوێم بینى لە دواین یارییەکاندا و هیواداریشن لەسەر ئەو ڕووە بەردەوامبین.
بارتۆمیۆ: گەر لالیگاش لەدەستبدەین، هێشتا چامپیۆنز لیگمان لەبەردەمدایە.
بارتۆمیۆ: دابەزینى ئیسپانیۆڵ؟ هەردەم پێمخۆشە تیپە کەتەلۆنیەکان لە پلە یەکى لالیگادا ببینم، هەروەها جیرۆناش.
بارتۆمیۆ: هەموو هەوڵى خۆمان دەدەین بۆ کردنى یارییەکەمان بەرامبەر ناپۆلى لە یاریگاى کامپ نۆدا، لەگەڵ یوفا لە گفتوگۆداین لەو بارەیەوە.
بارتۆمیۆ: من دڵنیام میسى لە بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە و پێشتریش وتوویەتى لێرە واز لە یاریکردن دەهێنێت و منیش دڵنیام هەر وادەکات، لە دواى ماوەى سەرۆکایەتى منیش لە یاریکردن بەردەوام دەبێت و بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە
بارتۆمیۆ: ناتوانم خۆم بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو بپاڵێوم، لەبەرئەوەى یاساکان ڕێگریم لێدەکەن.
بارتۆمیۆ: ڕۆیشتنى میسى؟ هەردەم ئەو دەنگۆیانە لە ڕادیۆى کادینا سێر بڵاودەکرێنەوە، پابەندیمان هەیە بە نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى باشترینى مێژووەوە.
بارتۆمیۆ: دواین جار لە شەممەى ڕابردوو بوو قسەم لەگەڵ میسى کرد، هەردەم قسە لەگەڵ یاریزانەکان دەکەم بەتایبەتى کاپتنەکان، چونکە چەند کێشەیەکمان هەیە کفتوگۆیان لەبارەوە دەکەین.
بارتۆمیۆ: چاڤى ڕاهێنەرێکى باشە، ڕۆژێک لە ڕۆژان لە بەرشەلۆنە دەبێت.
