2021-07-02
4323 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەرشەلۆنە بەدواى چارەسەرێکى گونجاودا دەگەڕێت بۆ نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى میسى بۆ دوو ساڵ.
ڕۆژنامەى سپۆرتى کەتەلۆنى بڵاویکردووەتەوە، یانەى بەرشەلۆنە بەهۆى سنوردارى موچەى سەپێندراوەوە لەلایەن ڕابیتەى خولى ئیسپانیاوە، کێشەى نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى لیۆنێل میسى ئەرجەنتینى کاپتنى یانەکەى هەیە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە، خوان لاپۆرتاى سەرۆکى بەرشەلۆنە دەیەوێت لەگەڵ خاڤێر تیباسى سەرۆکى ڕابیتەى لا لیگا کۆبێتەوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە، کە بووەتە بەربەست لەبەردەم نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى میسیدا.
باسى لەوەشکردووە، گەر هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن، نوێکردنەوەى گرێبەستەکە بۆ بەرشەلۆنە ئاسان دەبێت، کە ئۆفەرێکى دوو ساڵى بە بڕى 300 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە کاپتنە ئەرجەنتینیەکە کردووە، وەک ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیە ئیسپانیەکان ئاماژەیان پێکردووە.
پێشتر تیباسى سەرۆکى لا لیگا ڕایگەیاندبوو، ڕێگە بە بەرشەلۆنە نادەن، سنورى سەپێنراوى موچە لە لا لیگادا بشکێنێت لە پیناوى میسیدا، کە ئەو یاسایە هاوسەنگى لە نێوان داهاتى یانەکان و موچەى یاریزانەکانیان ڕادەگرێت.
گ . ف