2021-07-02
435 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەشداریکردنى ئیدین هازارد و کیڤن دى برۆینى بەلجیکى بەرامبەر ئیتاڵیا لە چارەکى کۆتایى جامى یۆرۆ ئەستەمە.
ئەمشەو کاتژمێر 10 لە قۆناغى چارەکى کۆتایى جامى نەتەوەکانى ئەوروپا، هەردوو هەڵبژاردەى بەلجیکا و ئیتاڵیا ڕووبەڕووى یەکدەبنەوە و یارییەکەش لە یاریگاى ئەلیانز ئەرینا لە شارى میونشنى ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
ڕۆبرتۆ مارتینێزى ڕاهێنەرى بەلجیکا لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکرد، قورسە هازارد بەشدارى لە یارییەکەدا بکات بەهۆى ئەوەى پێکانێکى سوکى هەیە، بەڵام لەوانەیە دۆخەکە بۆ دى برۆین جیاوازتربێت، چونکە پێکانەکەى ئەو لە بەستەرەکانیدایە.
مارتینێز دەڵێت "ڕاستە ئێمە پێشبڕکێ لەگەڵ کات دەکەین، بەڵام تا دوایین خولەک چاوەڕێ دەکەین بۆ بڕیاڕدان، کە ئایا یارى دەکەن یان نا، بەداخەوە کە ناتوانین ئێستا بڕیار بدەین".
مارتینێز پێى ناخۆشە لەم قۆناغەدا ئەو دوو هەڵبژاردەیە ڕووبەڕووى یەکبوونەتەوە و دەشڵێت "ئێمە باشترین دوو هەڵبژاردەین بەپێى ئامارەکانى جامەکە، هەریەکەمان 14 بردنەوەى لەسەریەکمان لە ئەوروپادا بەدەستهێناوە، بەداخەوە کە لەم قۆناغەدا بەرامبەر بەیەک یارى دەکەین".
گ . ف