2021-06-29
1252 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەهۆى دەرکرانى هۆڵەندا لە جامى یۆرۆدا، فراک دى بۆرى ڕاهێنەرى ئەو هەڵبژاردەیە لە پۆستەکەى دوورخرایەوە.
یەکێتى تۆپى پێى هۆڵەندا لە ڕاگەیەندراوێکى فەرمیدا ئاشکرایکرد، بە ڕێککەوتنى هەردوولا گرێبەستى فرانک دى بۆرى ڕاهێنەرى هەڵبژاردەى وڵاتەکەى هەڵوەشاندووەتەوە.
یەکێتییەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، فرانک دى بۆر نەیویستووە بەردەوامبێت و ئەمەش لەگەڵ گرێبەستەکەى نێوانیان دەگونجێت، کە هەڵوەشاندنەوەیەتى لە ئەگەرى نەگەیشتنى تیپەکەیان بە قۆناغى چارەکى کۆتایى جامى یۆرۆ.
لەم بارەیەوە دى بۆر دەڵێت "دواى هەڵسەنگاندن بڕیارمدا لە پۆستەکەمدا بەردەوام نەبم، دواى ئەوەى ئامانجەکەمان بەدەستنەهێنا، شەرەفێک و ئاڵنگارییەکى گەورەبوو کە لە 2020دا کرام بە ڕاهێنەرى هەڵبژاردەى وڵاتەکەم، بەڵام هەر لەسەرەتاوە دەمزانى ڕووبەڕووى فشاردەبمەوە، سوپاسى هەموەو لایەک دەکەم بەتایبەت هاندەران و یاریزانەکان".
هۆڵەندا دەبێت بەپەلە ڕاهێنەرێکى نوێ بۆ جێگەى دى بۆر دیارى بکات، لەبەرئەوەى ئەیلولى داهاتوو لە پاڵاوتنەکانى مۆندیالدا بەرامبەر نەرویج و مۆنتینیگرۆ و تورکیا یارى دەکات.
هۆڵەندا لە قۆناغى کۆمەڵەکانى جامى یۆرۆدا سێ یارى لەسەریەک بردەوە، بەڵام لە قۆناغى 16دا بە دوو گۆڵى بێ بەرامبەر بە چیک دۆڕا و ماڵئاوایى لە جامەکە کرد.
گ . ف

