2021-06-29
3971 جار خوێندراوەتەوە
+
-
دیشامپ بەردەوامبوونى لە پۆستى ڕاهێنەرایەتى فەڕەنسا دووپاتکردەوە و دەشڵێت یاریزانەکانى پاڵپشتى دەکەن.
لە بارەى بەردەوامبوونى لەسەر پۆستى ڕاهێنەرایەتى هەڵبژاردەکەى دواى دەرکرانیان لە جامى یۆرۆ، دیدییە دیشامپى ڕاهێنەرى فەڕەنسا دەڵێت "بەدڵنیاییەوە لە ئەیلولى داهاتوودا دەمبیننەوە لە پاڵاوتنەکانى مۆندیالدا هەر وەک پلانى بۆ دانراوە".
دیشامپ لە لێدوانێکدا کە تۆڕى ئاڕ ئێم سى فەڕەنسى بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەدەکات، ئێستا کاتێکى گونجاو نییە قسە لەسەر داهاتووى بکات و سورە لەسەر یەک ڕیزى تیپەکەى و پەیوەستبوون پێیەوە.
دیشامپ دەشڵێت "بە یاریزانەکانم وتووە بەرپرسیاریەتى تەواوى دۆڕاندنەکەمان لە ئەستۆدەگرم و لە گەڵتانم، دڵنیام ئەوانیش پاڵپشتیم دەکەن، پێویستیشمان بە کات هەیە بۆ تێپەڕاندنى ئەم ساتە قورسە".
دیشامپ، کە هاوینى 2022 گرێبەستەکە تەواودەبێت، باس لەوەشدەکات، تۆپى پێ وەرزشە و دۆڕاندنى تێدایە و پێویستە دۆڕاندنەکە قبوڵ بکەن، هەرچەندە بە ئازاریشە.
دیشامپ لە 117 یاریدا ڕاهێنەرایەتى فەڕەنساى کردووە و 76 بردنەوە و 22 یەکسانبوون و 19 دۆڕاندنى تۆمارکردووە و نازناوى مۆندیالى 2018ى لەگەڵدا بەدەستهێناوە.
گ . ف

