2021-06-29
553 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەرشەلۆنە ئۆفەرێکى نوێى پێشکەش بە عوسمان دیمبلى کردووە و دەیەوێت موچەى ساڵانەکەى کەمبکاتەوە.
گرێبەستەکەى دیمبلى فەڕەنسى لە هاوینى 2022دا تەواودەبێت و یانەى بەرشەلۆنەى ئیسپانیش دەیەوێت پێش کۆتایى هاتنى میرکاتۆى هاوینە دۆسیەى گرێبەستەکەى یەکلابکاتەوە، بۆ ئەوەى دەستبەردارى بێت گەر نەگەیشتنە ڕێککەوتن.
ڕادیۆى کەتەلۆنیا ئاشکرایکردووە، یانە کەتەلۆنیەکە ئۆفەرێکى نوێى خستووەتە بەردەم دیمبلى، کە کەمکردنەوەى موچەکەى تێدایە، بەهۆى ئەو قەیرانە داراییەى بەرۆکى یانەکەى گرتووە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، چەند هەفتەیەکە بەرشەلۆنە دانوستاندنەکانى لەگەڵ دیمبلى 24 ساڵ دەستیپێکردووە و هەردوولا ئارەزووى نوێکردنەوەى گرێبەستەکەیان هەیە.
موچەى ساڵانەى دیمبلى 20 ملیۆن یۆرۆیە و یانە کەتەلۆنیەکە دەیەوێت بە ڕێژەى لە سەدا 50 کەمى بکاتەوە لەگەڵ موچەى یاریزانەکانى تردا، تا چارەسەرى دۆخى ئابورى یانەکەى پێبکات.
عوسمان دیمبلى دووشەممە لە فنلەندا نەشتەرگەرییەکى سەرکەوتووى لە ئەژنۆى ڕاستیدا ئەنجامدا و بۆ ماوەى چوار مانگ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
گ . ف